بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ: زەریبە لەسەر ئۆتۆمبێلی هایبرید و کارەبایی بەپێی بەهای ڕاستەقینە وەردەگیرێت
حکومەتی هەرێمی کوردستان شێوازی وەرگرتنی باج و زەریبە لە ئۆتۆمبێلە هایبرید و کارەباییەکان دەگۆڕێت و چیتر بەهاکانیان بە کەمتر لە نرخی بازاڕ هەژمار ناکرێت.
بڕیاری نوێ بۆ دیاریکردنی بەهای ئۆتۆمبێل
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەمەودوا بەهای ڕاستەقینە بۆ ئۆتۆمبێلە هایبرید و کارەباییەکان دیاری دەکرێت. بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە لە 10ـی حوزەیرانی 2026 دەرچووە و واژۆی کەمال ڕەئوف، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی لەسەرە، کارکردن بە پێناسە کۆنەکان ڕاگیراوە. بەرپرسێکی گومرگ ئاشکرای کرد، پێشتر ئۆتۆمبێل هەبووە بەهای 30,000 دۆلار بووە بەڵام بە 12,000 دۆلار هەژمار کراوە، بەڵام لە 15ـی حوزەیرانی 2026ـەوە ئەمە کۆتایی هاتووە و بەها ڕاستەقینەکەیان وەردەگیرێت.
ڕێژەی زەریبە لە ئێستادا
لە ئێستادا ئۆتۆمبێلە هایبرید و کارەباییەکان لێخۆشبوونی باجی گومرگییان هەیە، بەڵام تەنیا زەریبەیان لێ وەردەگیرێت. ڕێژەی زەریبەکە بریتییە لە 2.25% بۆ هەر 10,000 دۆلارێک لە بەهای ئۆتۆمبێلەکە. بۆ نموونە، ئۆتۆمبێلێکی کارەبایی کە بەهاکەی 20,000 دۆلار بێت، بڕی 450 دۆلار زەریبەی لێ وەردەگیرێت.
گۆڕانکارییەکان دوای جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ جەختی کردەوە، هەرکاتێک سیستەمی "ئەسیکۆدا" لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ کرا، لێخۆشبوونی باجی گومرگی نامێنێت. لەو قۆناغەدا هەم باجی گومرگی و هەم زەریبە لە ئۆتۆمبێلە هایبرید و کارەباییەکان وەردەگیرێت. ڕێژەی تێکڕای باج و زەریبە دەگاتە 17.25%، بە جۆرێک ئۆتۆمبێلێک بەهای 10,000 دۆلار بێت، بڕی 1,750 دۆلار باج و زەریبەی دەکەوێتە سەر.

3 کاتژمێر پێش ئێستا