گۆڵچی هەڵبژاردەی ئێران چیرۆکێکی جیاواز دەنووسێتەوە
هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران لە دوایین یارییان بەبێ گۆڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی بەلجیکا یەکسان بوو، لە دەستپێکی یارییەکەوە تاوەکو کۆتایی، لێنزی کامێراکان لەسەر شکێنەری ڕیکۆردێکی کتێبی گینس بوو کە ئەویش عەلیڕەزا بیرانوەند گۆڵچی هەڵبژاردنی ئێرانە..
ژیانە سەختەکەی بووەتە هۆکاری سەرکەوتنی
عەلیڕەزا سەفەر بیرانوەند، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئێران کوڕێک بە شانازییەوە چەند جارێک گوتوویەتی بە ڕەچەلەک کوردی لەکم، عەلیڕەزا لە گوندی بچووکی ناوچەی خۆڕەمئاباد لە پارێزگای لوڕستان لە بنەماڵەیەکی کۆچەری لەدایکبووە.
بیرانوەند، لە یارییەکەی پێرێ شەو ڕۆڵێکی گرنگی لە یاریگادا گێڕا و بووە دیوارێک لەبەردەم هێرشە مەترسیدارەکانی لۆکاکۆ و هاوڕێیەکانی، ئەو چەند جارێک لێدانی بەهێز و گۆڵی چارەنووسازی هەڵبژاردەی بەلجیکای گەڕاندەوە و توانیی قەڵغانێکی بەهێز بۆ چوارچێوەی گۆڵی وڵاتەکەی دروست بکات و لە هەژان بیپارێزێت.
عەلیڕەزا تەمەنی 33 ساڵە، پێش ئەوەی بچێتە جیهانی تۆپی پێوە، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی چەندین کاری قورسی کردووە لەوانە شوشتنی ئۆتۆمبێل هەروەها لە کارگەیەکی چنین و دوکانی پیتزادا کاری کردووە.
عەلیڕەزا بەدوای خەونی منداڵی دەکەوێت ئەویش بوون بە یاریزانێکی پیشەگەری تۆپی پێیە، بەو مەبەستە دەچێتە تاران و ماوەیەک لەو شارەدا بەبێ پەناگە و لە بارودۆخێکی سەختدا دەژی و لە کۆتایشدا لە جیهانە ڕاستەقینەکەی خۆی دەبینێتەوە ئەویش تۆپی پێیە.
دوای ئەوەی بانگێشتی هەڵبژاردەی ئێران دەکرێت و چەند جارێک خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی پێدراوە و بۆ ماوەی شەش مانگ لەسەر یەک باشترین گۆڵپارێزی خولی نایابی ئێران بووە، لە مۆندیالی 2022ـدا ڕیکۆردی هەڵدانی درێژترین تۆپی بە دەست تۆمارکرد و ناوی خۆی لە کتێبی گینسدا بۆ ژمارە پێوانەییەکان تۆمارکرد.
2 کاتژمێر پێش ئێستا