ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان: هەرێمی کوردستان چیتر ژینگەیەکی ئارام نییە بۆ ڕۆژنامەوانان
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی جیهان زەنگی مەترسی لەبارەی پاشەکشەی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان لێدەدەن و داوای کۆتاییهێنان بە دەستگیرکردنی ناڕەوای ڕۆژنامەنووسان دەکەن.
پاشەکشەی ئازادی ڕۆژنامەگەری و ئاستەنگە یاساییەکان
بەگوێرەی ڕاپۆرتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، دۆخی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی پاشەکشەی بەرچاو بووەتەوە. کێشەی سەرەکی لە جێبەجێنەکردنی یاسای کاری ڕۆژنامەگەری ژمارە 35ی ساڵی 2007 دایە؛ لەبری ئەم یاسایە، یاسای "خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن" و یاسای سزادانی عێراقی بۆ لێپرسینەوە لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان بەکاردەهێنرێت.
هەڵوێستی ئەمریکا لەسەر مافی ڕۆژنامەنووسان
حکومەتی ئەمریکا لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە و کونسوڵخانەکەی لە هەرێمی کوردستان، چەندین جار سەرکۆنەی بەربەستەکانی بەردەم کاری ڕۆژنامەوانی کردووە. کونسوڵخانەی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە پێویستە هەردوو یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی و یاسای بەدەستهێنانی زانیاری وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن بۆ ئەوەی زەمینەیەکی ئازاد بۆ میدیاکاران بڕەخسێت.
هیومان ڕایتس وۆچ: دادگاکان ڕووبەڕووی دەستتێوەردانی سیاسی بوونەتەوە
ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ هۆشداری دەدات کە دەستتێوەردانی سیاسی لە کارەکانی دادگادا زیانی گەورەی بە ئازادی ڕادەربڕین گەیاندووە. ڕێکخراوەکە ئاماژەی بە کەیسی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسانی بادینان لە ساڵی 2020 کردووە و پرۆسەی دادگاییکردنەکەیانی بە "پڕ لە کەموکوڕی و نادادپەروەر" وەسف کردووە، کە تێیدا یاساکان بۆ سەرکوتکردن بەکارهێنراون.
ڕیزبەندی جیهانی و هۆشدارییەکانی RSF و CPJ
بەگوێرەی نوێترین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ‌سنوور (RSF)، عێراق و هەرێمی کوردستان لە کۆی 180 وڵات لە پلەی 162ی ئازادی ميديادان. هاوکات کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) ڕایگەیاندووە کە ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەرێم لە دابەزینێکی بەردەوامدایە و سیستمی دادوەری و تۆمەتی نادادپەروەرانە بۆ بێدەنگکردنی ڕەخنەگران بەکاردەهێنرێت.
ياسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی کاری ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان
- ڕۆژنامه‌گه‌ری ئازاده‌و هیچ سانسۆرێكی له‌سه‌رنییه و ئازادیی ده‌ربڕین و بڵاوكردنه‌وه بۆ هه‌موو هاووڵاتیان ده‌سته‌به‌ره
- ڕۆژنامه‌نووس بۆی هه‌یه له سه‌رچاوه جیاوازه‌كانه‌وه هه‌ر زانیارییه‌ك كه بایه‌خی بۆ هاوڵاتیيان هه‌بێت بەدەستبهێنێت
- ڕۆژنامه‌نووس بۆی هه‌یه سه‌رچاوه‌ی زانیاری، یان ئه‌و هه‌واڵانه‌ی كه به‌ده‌ستیان دەهێنێت بپارێزێت
- لە کاتی هەبوونی سکاڵا، بەگوێرەی ئەم یاسایە مامەڵە لەگەڵ کەیسەکە دەکرێت
- هه‌ر كه‌سێك مافی خاوه‌ندارێتیی رۆژنامه‌ی هه‌یه و ده‌توانێت به گوێرەی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه ده‌ری بكات
- ڕۆژنامه قه‌ده‌غه ناكرێ و ده‌ستی به‌سه‌ردا ناگیرێت
2 کاتژمێر پێش ئێستا