لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نرخی بەنزین جیاوازیی هەیە
نرخى بەنزین لە پارێزگاکانى هەولێر و دهۆک بەراورد بە سلێمانى و هەڵەبجە بۆ یەک لیتر 200 دینار زیاترە بۆ هەر سێ جۆرەکەى (نۆرماڵ، موحەسەن، سوپەر) لەکاتێکدا 50 هەزار بەرمیل نەوتى خاو بۆ بەرهەمە نەوتییەکان گلدەداتەوە لەو نەوتەى ڕۆژانە بەرهەمى دەهێنێت و دەدرێتە پاڵاوگەى لاناز و کار.
نرخەکان لە پارێزگاکانی سلێمانی هەڵەبجە
لە پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە یەک لیتر بەنزینى نۆرماڵ بە هەزار و 50 دینارە و لە هەولێر و دهۆک بە هەزار و 175 دینارە، هەروەها بەنزینى موحەسەن لە سلێمانى و هەڵەبجە بە هەزار و 250 دینارە و لە هەولێر و دهۆک بە هەزار و 450 دینارە.
لە بەغداد نرخی بەنزینی پاڵپشتیکراو تەنیا 450 دینارە
ئەم نرخانەى بەنزین لە هەرێمى کوردستان لەکاتێکدایە کە لە بەغداد بەنزین بە نرخى پاڵپشتیکراو دەفرۆشرێت و بەنزینى حکومیى نۆرماڵ تەنیا 450 دینارە، بەڵام لە هەرێمى کوردستان زیاتر لە دوو هێندەیە.
بەنزین بە نرخی ڕۆژ دەفرۆشرێتەوە
بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى کەناڵ8 وەزارەتى سامانە سروشتییەکان ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانەیە دەداتە پاڵاوگەکانى کار و لاناز و بۆ هەر بەرمیلێک نەوت 17 دۆلاریش وەک کرێى پاڵاوتنى نەوتەکە وەردەگرن، کە دەبێت ئەو بەنزینە بە نرخى پاڵپشتیکراو بفرۆشنەوە، لەکاتێکدا نیوەى ئەو بڕە ناخەنە بازاڕەوە، بەڵکو بە نرخى پاڵپشتیکراو ئەوى دیکەى بە بازرگانى و بە نرخى ڕۆژ دەفرۆشنەوە.
بێجگە لەوەى تێچووى پاڵاوتنى نەوتەکە وەردەگرن، پاش پاڵاوتنى 50% دەبێتە نەوتى ڕەش و هەر تۆنێکى بە 300 بۆ 350 دۆلار دەفرۆشرێتەوە.
پێداویستی ڕۆژانەی هەرێمی کوردستان لە بەنزین
ئەم 50 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانەیە، لەسەدا 20%ـی دەبێتە نەفتا، بۆیە کۆمەڵێک ماددەی بۆ تێدەکەن بۆ بەرزکردنەوەى کوالێتیى بەنزینەکەی ناوی کە بە ( ئۆکتان بووستەر) ناسراوە و ئۆکتانی بەنزینەکە بەرزدەکاتەوە و ڕۆژانە دوو ملیۆن و 500 هەزار لیتر بەنزینى لێ بەرهەمدەهێنرێت، کە پێداویستیى هەرێمى کوردستانیش لە ڕۆژێکدا پێنج ملیۆن و 500 هەزار لیترە.
بەشێک لە بەرهەمە نەوتییەکان بە تانکەر بۆ تورکیا ڕەوانە دەکرێت
هاوکات، بەشێک لەو نەوتەى لەلایەن پاڵاوگەى لاناز دەپاڵێورێت، دەکرێتە بەنزین و گازوایل و بە تانکەر بۆ تورکیا ڕەوانە دەکرێت، ئەوەش بە یەکێک لە هۆکارەکانى کەمبوونەوەى خستنەڕووى بەنزین لە هەرێمى کوردستان دادەنرێت.
بۆ سێ ملیۆن لیترەکەى دیکەش، لە کێڵگەى دانە غازەوە ڕۆژانە 18 هەزار بەرمیل کۆندێسێت بەرهەمدەهێنرێت و لە پاڵاوگەکان دەپاڵێورێت و بڕی یەک ملیۆن و 100 هەزار لیتر بەنزینى لێ بەرهەمدەهێنرێت لە پارێزگاى سلێمانى.
هاتنی بەنزینی قاچاغ لە بەغدادوەوە بۆ هەرێمی کوردستان
هاوکات، لەسەدا 12% بۆ 15%ـى پێداویستیى بەنزینى هەرێمى کوردستان بە"قاچاغ" لە بەغدادەوە بۆ هەرێمى کوردستان ڕەوانە دەکرێت، بەمشێوەیە پێداویستیى بەنزینى ڕۆژانە دابین دەکرێت.
23/06/2026