سبەى وەرگرتنی گەنم لە سایلۆى هەڵەبجە دەستپێدەکات
سبەى وەرگرتنی گەنم لە سایلۆى هەڵەبجە دەستپێدەکات، لە ڕوونکردنەوەیەکیدا سایلۆکە باسی چۆنێتیی نۆرەگرتنی پێشوەختەی جووتیارانی کردووە.
ڕێنمایی تۆمارکردنی ناوی جووتیاران
سایلۆى هەڵەبجە لە ڕاگەیێنراوێکدا، لینکى نۆرەگرتنى جووتیارانى بڵاوکردووەتەوە و داوای تۆمارکردنى ناوی چواری و ژمارەی کارتی نیشتمانی و ژمارە مۆبایلى جووتیاران دەکات.
بەگوێرەى ڕێنماییەکان، پێویستە جووتیار سەرەتا ناوی پارێزگا هەڵبژێرێت، پاشان ناوی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ کە بۆ هەموو سایلۆکان جگە لە پارێزگای هەڵەبجە هەمووی سلێمانییە، پاشان ناوی بەشە کشتوکاڵییەکان هەڵدەبژێرێت کە هەر بەشە و تایبەت کراوە بە بەڕێوەبەرایەتییەک.
شێوازی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل
لەبارەى تۆمارکردنى ئۆتۆمبێلیش، سایلۆى هەڵەبجە لە ڕاگەیێنراوەکەیدا دەڵێت، پاش تۆمارکردنی زانیارییەکانی تایبەت بە جووتیار بە ڕەنگی شین نووسراوە زانیاریی ئۆتۆمبێل، لەپاڵ ئەوەی نووسراوە داخڵکردنی زانیاریی ئۆتۆمبێل و ناوی شۆفێر ئارەزوومەندانەیە، دوگمەیەکی تیادا چالاک دەکەیت و تۆمارکردنی زانیاریی ئۆتۆمبێل و شۆفێر چالاک دەبێت.
تۆمارکردنی ژمارەی ئۆتۆمبێل بە گوێرەی پارێزگا
دەشڵێت، ژمارەى ئۆتۆمبێلەکە بەگوێرەى پارێزگاکان تۆماردەکرێت و دواتر جۆری ئۆتۆمبێلەکە لە خانەی پۆلی ئۆتۆمبێل هەڵدەبژێردرێت، پاشان ناوی شۆفێر تۆماردەکرێت.
وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان
ڕۆژى 13ـى حوزەیرانى 2026، پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و بەگوێرەى پلانێکی نوێی وەزارەتی کشتوکاڵ، گەنمی ناو پلان و دەرەوەی پلان بە دوو نرخی جیاواز لە جووتیاران وەردەگیرێت.
بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ وەرگرتنی بڕی گەنکی هەرێمی کوردستان
حکومەتی عێراق بڕیاریداوە 400,000 تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت. ئەم بڕە دابەشکراوە بۆ دوو بەش، کە 292,000 تۆنی لە چوارچێوەی پلانی کشتوکاڵیدایە و 108,000 تۆنەکەشی وەک گەنمی دەرەوەی پلان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
گەورەترین پشک بەر پارێزگای سلێمانی کەوتووە
بەگوێرەى وەزارەتی کشتوکاڵ، پارێزگای سلێمانی گەورەترین پشکی بەرکەوتووە کە 150,209 تۆنە، لەو بڕە 109,658 تۆنی لەناو پلان و 40,551 تۆنی لە دەرەوەی پلانە. پارێزگای هەولێر لە پلەی دووەمدایە و پشکەکەی 122,680 تۆنە، کە 89,561 تۆنی ناو پلان و 33,119 تۆنی دەرەوەی پلان دەگرێتەوە.
پشکی پارێزگای دهۆک
بۆ پارێزگای دهۆک 116,083 تۆن گەنم وەک پشکی گشتی دیاریکراوە، کە 84,745 تۆنی بەگوێرەی پلان و 31,338 تۆنی لە دەرەوەی پلان وەردەگیرێت. پارێزگای هەڵەبجەش کەمترین پشکی بۆ تەرخانکراوە کە کۆی گشتی 11,028 تۆنە، لەو بڕە 8,036 تۆنی ناو پلانە و 2,992 تۆنی وەک گەنمی دەرەوەی پلان مامەڵەی پێوە دەکرێت.
دیاریکردنی دوو نرخی جیاواز بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران
حکومەتی فیدراڵ دوو نرخی جیاوازی بۆ کڕینەوەی گەنم لە جووتیاران دیاریکردووە. هەر تۆنێک گەنم کە لەناو پلاندا بێت بە 700,000 دینار وەردەگیرێت، بەڵام گەنمی دەرەوەی پلان هەر تۆنێکی بە 500,000 دینار دەبێت. کۆی پارەی تەرخانکراو بۆ کڕینەوەی تەواوی گەنمەکە دەگاتە 258 ملیار و 400 ملیۆن دینار، کە 204 ملیار و 400 ملیۆن دیناری بۆ گەنمی ناو پلان و 54 ملیار دیناری بۆ گەنمی دەرەوەی پلان تەرخانکراوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا