شاندێکی سەندیکای ڕۆژنامەوانانى کەربەلا سەردانى هەڵەبجەیان کرد

جەبار حسین 2 کاتژمێر پێش ئێستا
سەردانی شاندێکی سەندیکای ڕۆژنامەوانانی پارێزگای کەربەلا بۆ پارێزگای هەڵەبجە
سەردانی شاندێکی سەندیکای ڕۆژنامەوانانی پارێزگای کەربەلا بۆ پارێزگای هەڵەبجە

شاندێکی سەندیکای ڕۆژنامەوانانی پارێزگای کەربەلا، بە مەبەستى سوپاس و پێزانین بۆ ڕۆڵى میدیا، هاونیشتمانییان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دۆزینەوەى تەرمى ڕوقیەی 11 ساڵ لە چەمى زەڵم سەردانى پارێزگاى هەڵەبجەیان کرد.

پێشوازیکردنی شاندەکە

شاندەکە لەلایەن پارێزگار، قایمقام، بەڕێوەبەرانی شارۆچکەى خورماڵ و بەرگریی شارستانی و نوێنەرانی لقی هەڵەبجە و سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەوانان پێشوازییان لێکرا.

بەرز نرخاندنی ڕۆڵی میدیا و ڕۆژنامەوانانی هەڵەبجە

شاندی سەندیکای ڕۆژنامەوانانى پارێزگای کەربەلا، ڕۆڵی میدیا و ڕۆژنامەوانانی هەڵەبجەیان بەرز نرخاند، لە دۆزینەوەى تەرمى ڕوقیە و خەڵاتی ڕێزلێنانی تایبەتیان پێشکەشى ئامادەبووان کرد، ئەوەش وەک وەفایەک بۆ هەڵوێستە مرۆییەکانی ئیدارە و خەڵکی پارێزگاکە.

سوپاسکردنی سەرجەم هاونیشتمانیان

دواتریش لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیدا، سوپاسى سەرجەم هاونیشتمانییانى خەڵکی هەورامان و سنوورى پارێزگاى هەڵەبجەیان کرد لە دۆزینەوەى تەرمى ڕووقیەی 11 ساڵ لە چەمى زەڵم.

ڕۆژی خنکانی ڕوقییە

ڕۆژی سێشەممە 9ـی حوزەیرانى 2026، کچە گەشتیارێکی 11 ساڵ بە ناوی ڕوقیە ڕافید، کە خەڵکی شاری کەربەلایە، لەگەڵ خێزانەکەی بۆ گەشت و سەیران ڕوویان لە هاوینەهەواری زەڵم کردبوو. کاتژمێر 5:06ـی دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ، لە کاتی وێنەگرتن لە نزیک سەرچاوەکە کەوتە ناو ئاوەکە و خنکا.

نۆ ڕۆژ گەڕان بە دوای تەرمی ڕوقیەدا

دواى نۆ ڕۆژ لە گەڕانى خەڵکی خۆبەخشی ناوچەکە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی لەگەڵ هیزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش، دواجار تەرمەکە لە ئاوى زەڵم دۆزرایەوە.

دواتر تەرمى کچەکەیان لە هەڵەبجە شۆرد و نوێژی مردوویان لەسەر کرد و  دواتر لە ڕێوڕەسمێکى شایستەدا، لەلایەن خەڵکی ناوچەکە، بەرپرسانی ئیداری و ئەمنییەوە ڕەوانەی زێدی خۆی کرا.

سەرەتا لە مۆنۆمێنتى شەهیدانى هەڵەبجە ڕێوڕەسمى ماڵئاوایى ڕێکخرا و پاشان تەرمەکە برایە شارۆچکەى خورماڵ و لەناو بازاڕ چین و توێژەکانى شارەکە بە گوڵ پێشوازى و ماڵئاوایى لە تەرمەکە کرد،١ پاشان لەناو بازاڕى سەیدسادقیش بە هەمانشێوە خەڵک بە گوڵەوە لە پێشوازیدا وەستابوون.

ئەم هەڵوێستەی خەڵکی هەورامان و خورماڵ و هەڵەبجە و کوردستان بەگشتی لە بەدەمەوهاتن و هاوسۆزییان بۆ کەسوکاری قوربانییەکە، لەلایەن خەڵکی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بە گەرمیی پێشوازیی لێکرا و هەمووان ستایشی جوامێری و مرۆڤدۆستی کورد دەکەن.

جەبار حسین

2 کاتژمێر پێش ئێستا