بەرگریی شارستانیی سلێمانی: کچێک لە سەیرانگەی كونەماسی خنکا

جەبار حسین 2 کاتژمێر پێش ئێستا
وێنەی ئەو کچەی لە سەیرانگای کونەماسی خنکا
وێنەی ئەو کچەی لە سەیرانگای کونەماسی خنکا

لە سەیرانگەی كونەماسی لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى، کچێکى تەمەن 20 ساڵ خنکا، بەوەش ژمارەى ئەو کەسانەى لە سنوورى ئەرکی بەرگریی شارستانیی سلێمانی خنکاون، بۆ چوار کەس بەرزبووەوە.

لێدوانی بەرگری شارستانی سلێمانی

ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، کاتژمێر 3:45 خولەکى دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ لە ڕووداوێکى خنکان لە سەیرانگەی كونەماسی ئاگادار کرانەوە.

توانراوە تەرمەکە دەربهێنرێتەوە

گوتیشى، تیمەکانى بەرگریى شارستانیى ماوەت و تیمى مەلەوانیى دووکان ڕەوانەى شوێنەکە کراون و توانیویانە تەرمەکە دەربێننەوە و ڕەوانەى پزیشکى دادى بکەن لە سلێمانى.

ناسنامەی کچە خنکاوەکە

لەبارەى ناسنامەى تەرمەکەشەوە، ئارام عەلی، گوتى، کچێکى ڕۆژهەڵاتى کوردستانە و دانیشتووی شاری سەردەشتە، تەمەنى 20 ساڵە و نزیکەى 10 ساڵە خێزانەکەیان لە سلێمانى دەژین.

چوارەم حاڵەتی خنکان

بەگوێرەى بەرگرى شارستانیى سلێمانى، ئەوە چوارەم حاڵەتى خنکانە لە سنوورى بەڕێوەبەرایەتییەکەیان تۆمار کرابێت.

ئاماری حاڵەتەکانی خنکانی ئەمساڵ

بەگوێرەى بەرگریى شارستانیى هەرێمى کوردستان، لە سەرەتاى ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 33 حاڵەتى خنکان لە ناوچە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستان تۆمارکراون.

هاوکات، بەرگریى شارستانیى هەرێمى کوردستان، هۆشدارى بەهاونیشتمانییان و گەشتیاران دەدات و دەڵێت: ئەمساڵ ئاوەکانى هەرێمى کوردستان بەهیچ شێوەیەک شیاو نین بۆ مەلەکردن.

جەبار حسین

2 کاتژمێر پێش ئێستا