تەندرووستی ڕاپەڕین دووکارمەندى سەنتەری تیشکى سزادا
بەڕێوەبەرایەتی تەندرووستی ڕاپەڕین، دوو کارمەندى سەنتەرى تیشکى نەخۆشخانەی ڕانیەیى بەتۆمەتى کەمتەرخەمى لە بەهاناوەچوونى بریندارانى ڕووداوى هاتوچۆکەى ئەمڕۆ سزادا و سزای ئاگادارکردنەوەشى ئاراستەی ستافی بەڕێوەبردنی سەنتەرەکە کرا.
پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت: دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەوگرتە ڤیدۆیەیى کەلەسەر سەنتەری تیشک لەڕانیە بڵاوکرایەوە بەڕێوەبەرایەتییان بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ڕاپەڕین لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا.
سزای دوو کارمەندی کەمتەرخەم دراوە
دەشڵێت: دوای لێکۆڵینەوەی ورد، دەرکەوت سەرەڕای ئەوخزمەتانەی پێشکەشی بریندارەکان کرابوو بەڵام لەپێناو پاراستنی گیانی هاونیشتمانیان و دووبارەنەبوونەوەی حاڵەتانە لیژنەکە سزای بۆ کەمترین کەمتەرخەمی دەرکرد و دوو لەوکارمەندانەی کەبەکەمتەرخەم دیاریکران سزادران و سزای ئاگادارکردنەوەش ئاراستەی ستافی بەڕێوەبردنی سەنتەرەکە کرا.
سێ کەس گیانیان لە دەستدا
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، لە نزیک گوندی قوڕەگۆ لەسەر ڕێگەی سەرەکیی ڕانیە-قەڵادزێ ڕووداوێکی هاتوچۆ ڕوویدا. لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک، دایکێک و 2 منداڵی دەستبەجێ لە شوێنی ڕووداوەکە گیانیان لەدەستدا. هەروەها باوکی منداڵەکان و منداڵێکی تری تەمەن 4 ساڵان بریندار بوون.
بەهۆی خۆلادان لە ماتۆڕسکیلێک ئۆتۆمبێلەکە وەرگەڕا
پۆلیس و هاتوچۆی ڕاپەڕین ڕایانگەیاند، خێزانەکە لە شارەدێى حاجیاوەوە بەرەو قەڵادزێ بەڕێوە بوون. لە کاتی لێخوڕیندا ماتۆڕسوارێک بە ئاراستەی پێچەوانە هاتووە، شۆفێرەکە ویستوویەتی خۆی لە ماتۆڕسوارەکە لابدات، بەڵام ئۆتۆمبێلەکە کەوتووەتە ناو چاڵێکی سەر ڕێگاکە و بەو هۆیەوە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و وەرگەڕاوە.
بریندارەکانی ڕووداوەکە ڕەوانەى نەخۆشخانەی فێرکاریی ڕانیە کران بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بەگوێرەى ئەو ڤیدیۆیانەى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، کارمەندانى نەخۆشخانەکە کەمتەرخەمبوون لە بەهاناوەچوونى بریندارەکان.
3 کاتژمێر پێش ئێستا