سبەى پڕکردنەوەی فۆرمی دامەزراندن لە هەڵەبجە ڕادەگیرێت

جەبار حسین 2 کاتژمێر پێش ئێستا

لیژنەی باڵای دامەزراندنی پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند، سبەى پڕکردنەوەی فۆرمی دامەزراندن ڕادەگیرێت و بە هیچ  شێوەیەک درێژ ناکرێتەوە.

سبەی سیستمی پێشکەشکردنی فۆرم ڕادەگیرێت

لیژنەکە لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت: پرۆسەی پڕکردنەوەی فۆرمی دامەزراندن لە پارێزگای هەڵەبجە بەرەو کۆتایی دەچێت و ڕۆژى چوارشەممە سیستمی پێشکەشکردنی فۆرمەکە بە فەرمی ڕادەگیرێت و دادەخرێت.

وادەکە درێژ ناکرێتەوە

لیژنەی باڵای دامەزراندنی پارێزگای هەڵەبجە، جەخت لەوەشدەکاتەوە کە ئەو  وادەیە دوا مۆڵەتە و بە هیچ شێوەیەک درێژ ناکرێتەوە و دوای کاتژمێر 3ـی پاشنیوەڕۆ، سیستمەکە بە تەواوی ڕادەوەستێت.

داوایەک بۆ ئەوانەی فۆڕمیان پڕنەکردووەتەوە

لیژنەی باڵای دامەزراندنی هەڵەبجە، داواش لەو کەسانە دەکات کە تاوەکو ئێستا فۆرمەکەیان پڕنەکردووەتەوە، پەلە بکەن لە تۆمارکردنی زانیارییەکانیان.

لە ڕۆژی 10ی ئەم مانگەوە چالاککراوە

ڕۆژى چوارشەممە، 10-06-2026، لینکى فۆڕمی دامەزراندن بۆ 250 کەس لە سنوورى پارێزگاکە چالاککرا، پڕۆسەکە بەشێوەیەکی کراوە بوو و هەموو ئەو کەسانەی مەرجە یاساییەکانیان تێدایە، مافى ئەوەیان هەیە فۆڕم پڕبکەنەوە و بەشداری لە کێبڕکێکەدا بکەن.

ژمارەی ئەوانەی دادەمەزرێن

بەگوێرەى زانیارییەکانی لیژنەى باڵاى دامەزراندن، لە کۆی ئەو 250 کەسەی بڕیاری دامەزراندنیان بۆ دراوە، 22 کەسیان لە بوارى سەربازیدا دەبن.

بۆ دامەزراندن لە ڕاژەى سەربازیشدا بە هەمان شێوە ڕەچاوى پێوەرەکانى تایبەت بەو بوارە دەکرێت و مەرجە سەربازییەکان بەسەر داواکاراندا جێبەجێ دەکرێن.

جەبار حسین

2 کاتژمێر پێش ئێستا