مستەفا عەبدوڵا: لە گوتەکانى بافڵ تاڵەبانى ئەوەمان خوێندەوە نایەوێت بەبێ پارتى حکومەت پێکبێت
مستەفا عەبدوڵا، ئهندامی مهكتهبی سیاسیی یهكگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لە میانى بەشداریکردنى لە بوڵتنى هەواڵەکانى کەناڵ8، ڕایگەیاند، بارودۆخى پەیوەندیى نێوان لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمى کوردستان باش نییە، ئەوەش خزمەت بەو سەقامگیرییە ناکات کە بڕیارە ببێت.
تاوتووێی دۆخی سیاسیش کراوە
لەبارەى سەردانى بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ لاى سهڵاحهدین محەممەد بههائهدین، ئەمیندارى گشتیی یهكگرتووى ئیسلامى كوردستانی، گوتى، سەردانەکە بۆ مەبەستی سەرەخۆشی بوو بەهۆی کۆچی دوایی برای ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو، جگە لەوەش، بارودۆخى سیاسى و چەقبەستوویى سیاسى و ململانێى نێوان لایەنە سیاسییەکانیان تاوتوێکردووە.
چارەسەر تەنها یەکڕیزی نیشتمانییە
لە کۆبوونەوەکەدا جارێکى دیکە جەختیان لەسەر ئەوەکردووەتەوە کە هەرچەند لێکدابڕانەکان و بۆشایى نێوان لایەنەکان زۆربێت و ململانێکان زیاتر بن، چارەسەر لای یەکگرتوو، تەنیا یەکڕیزیى نیشتمانییە، چونکە لە گوتەکانى بافڵ تاڵەبانى، ئەوەیان تێبینى کردووە ستراتیجییەکێتی و سەرۆکەکەی، ئەوە نییە بەبێ پارتى حکومەت دروستبکەن.
دۆزینەوەی کلیلێک بۆ هاوهەڵوێستی نیشتمانی
ڕاشیگەیاند، سەرەڕاى ململانێ و ناکۆکییەکان، پێویستە کلیلێک بدۆزینەوە هاوهەڵوێستیى نیشتمانى دروستبکات و هەرێمى کوردستان لە چەقبەستوویى ئێستای ڕزگاربکات.
ڕژن لەسەر پرۆسەکەیان
جەختى لەوەشکردەوە کە ڕژدن لەسەر پرۆژەکەیان و بەرپرسیاریەتى نیشتمانى پاڵنەرییان بووە بۆ ئەو دەستپێشخەرییە چوونکە یەکگرتوو پێشتر ئۆپۆزسیۆن بوونى خۆى ڕاگەیاندووە و سوورن لەسەر بڕیارەکەى خۆشیان.
هەست بە لاوازی هەرێم ناکەن
بەگوتەی مستەفا عەبدوڵا، لەگەڵ ئەوەشدا هەستیان بەوەکردووە کە ناکرێت هەرێمى کوردستان لەبەردەم وڵاتانى جیهان و بەغداد لاوازبێت، بۆیە ئەو هەنگاوەیان ناوە و شانازى پێوەدەکەن و بە ئەرکێکى گەورەى نیشتمانى سەیرى دەکەن، وەکخۆی دەڵێت، تاوەکو ئێستا بۆشاییەکى زۆر لەنێوان دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە هەیە.
خوێندنەوە بۆ ستراتیجی یەکێتی
سەرکردەکەی یەکگرتوو دەڵێت، لە گوتەکانى بافڵ تاڵەبانى ئەوەیان خوێندووەتەوە کە ستراتیجى یەکێتى ئەوەیە هەرێمى کوردستان یەک هەرێم بێت و قەوارەکە پارێزراو بێت و حکومەت بەبێ پارتى پێکنەیێت و ناشیانەوێت حکومەتێک دروستبکەن، پارتى تێدا نەبێت.
وەک یەکگرتوو جەختیان لەسەر چارەسەرى کێشەکان لە ڕێگەى گفتوگۆوە کردووەتەوە، چونکە هەرێمى کوردستان لە قۆتاغێکى ناسکدایە، وەک مستەفا عەبدوڵا، ئهندامی مهكتهبی سیاسیی یهكگرتووی ئیسلامیی کوردستان گوتی.
پێشبینی بۆ چاوەڕوانی یەکێتی و پارتی
پێشبینیشیکرد یەکێتى و پارتى چاوەڕێى کۆبوونەوە بن بۆ چارەسەرى کێشەکان، چونکە هەردوولا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەى کە بەبێ یەکدی ناتوانن حکومەت پێکبێنن، هیچ وادەیەکیش بۆ کۆبوونەوە دیارى نەکراوە، بەڵام پێدەچێت لە ئایندەیەکى نزیکدا کۆببنەوە.
هۆشدار ی لە دواکەوتنی زیاتری کاراکردنەوەی پەرلەمان
هۆشداریشیدا لە دوا کەوتنى زیاترى کاراکردنەوەى پەرلەمانى کوردستان و پێکهێنانى حکومەتى نوێ و گوتى، سەرجەم لایەنەکان بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە نیگەرانن لەم حکومەتە و ناکرێت لەوە زیاتر کارەکان دوابخرێن، دەشڵێت، پێویستە بەرژەوەندییەکانى نیشتمان لەبەرچاوبگیرێت و هەنگاوى کردارى بنرێت بۆ تێپەڕاندنى ئەو قۆناغەى ئێستا.
لەبارەى نەبوونى دەستووریشەوە، مستەفا عەبدوڵا، ئهندامی مهكتهبی سیاسیی یهكگرتووی ئیسلامیی کوردستان گوتى، نەبوونى دەستوور یەکێکە لە گرفتە گەورەکان و دەسەڵاتدارەکانى هەرێمى کوردستان بەمەبەست نەیانهێشتووە دەستوور لە هەرێمى کوردستان هەبێت.
گوتیشى، سەرجەم چین و توێژەکان نیگەرانن لەو دۆخەى کە لە هەرێمى کوردستان هەیە، بەڵام هیچ دەرچەیەکیان نییە بۆ دەرچوون لە دۆخەکە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا