د. سیروان حەمەشەریف: قەبزی هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی مایەسیرییە

سەروەر سالار 3 کاتژمێر پێش ئێستا

د. سیروان حەمەشەریف، پزیشكی ڕاوێژکار لە نەشتەرگەریی گشتی، باوترین جۆری چارەسەرەکانی مایەسیریی بۆ هاونیشتمانییان دەخاتەڕوو.

چارەسەری گرفتی مایەسیری لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا

گۆڕینی شێوازی ژیان و سیستمی خۆراکی تەندروست لە چارەسەرە سەرەکییەکانی گرفتی مایەسیرین، خواردنی بڕێکی زۆر لە سەوزە و میوەی دەوڵەمەند بە پێکهاتەی ڕیشاڵی لەگەڵ خواردنەوەی ئاوی پێویست، باشترین ڕێگەن بۆ ڕێگریکردن لە قەبزی کە هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی مایەسیرییە.

چارەسەری گرفتی مایەسیری لە قۆناغە توندەکاندا

بۆ ئەو قۆناغانەی گرفتی مایەسیری کە پێویستیان بە چارەسەری زیاترە، بەکارهێنانی مەڵهەم و کرێمی تایبەت، بە ڕێنمایی پزیشکی پسپۆر یارمەتیدەرێکی باشە بۆ کەمکردنەوەی نیشانە بێزارکەرەکانی گرفتی مایەیسری،  بەڵام ئەگەر قۆناغی مایەسیرییەکە زۆر توند و پێشکەوتوو بێت، ئەوا ڕێگە چارەسەرەکانی وەک لەیزەر یان نەشتەرگەری دەبنە بژاردەی کۆتایی و گونجاو بۆ چارەخوازەکە.

ڕێنوێنیی بۆ چارەخوازان

لەبەرئەوەی نیشانە و قۆناغەکانی مایەسیری لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازن، مەرجە بۆ دەستنیشانکردنی ورد و وەرگرتنی چارەسەری تەواوی نەخۆشییەکە، سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت و سەربەخۆ هیچ جۆرە دەرمانێک بەکار نەهێنرێت.

سەروەر سالار

3 کاتژمێر پێش ئێستا