حکومەتی کاربەڕێکەر و حکومەتی ئاسایی؛ جیاوازییە بنەڕەتییەکانیان چین؟
بەهۆی نەبوونی دەقێکی یاسایی ڕوون لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر، پەنا بۆ دەستووری عێراق و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەبرێت کە تێیدا سنوورێکی توند بۆ دەسەڵاتەکان لە قۆناغی ڕاگوزەریدا دیاری کراوە.
ناڕوونی یاسایی و پەنابردن بۆ دادگای فیدراڵی
لە هەرێمی کوردستاندا هیچ یاسایەک نییە کە بە وردی ئاماژە بە ڕۆڵ و دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر بکات. هەر بۆیە لە کاتی دروستبوونی ناڕوونیدا، چەند جارێک داوای ڕوونکردنەوە لە دادگای فیدراڵیی عێراق کراوە. دادگای فیدراڵیش لە وەڵامەکانیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە حکومەتی کاربەڕێکەر ناتوانێت وەک حکومەتێکی ئاسایی کار بکات و دەسەڵاتەکانی تەنیا لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکدا دەمێننەوە.
ئەو بڕیارانەی لە دەسەڵاتی حکومەتی کاربەڕێکەردا نین
بەگوێرەی ڕوونکردنەوەکانی دادگای فیدراڵی، حکومەتی کاربەڕێکەر لە چەند بوارێکی سەرەکیدا دەسەڵاتی لێ زەوت کراوە. ئەو حکومەتە توانای پێشکەشکردنی پڕۆژەیاسای نییە بۆ پەرلەمان، هەروەها ناتوانێت بڕیاری دامەزراندن بدات، بەتایبەت بۆ پلە باڵاکان، ئەگەر بڕیارێکیش هەبێت تەنیا بەشێوەی وەکالەت دەبێت. جگە لەوەش، حکومەتی کاربەڕێکەر بۆی نییە ڕێککەوتنامە و پەیماننامە ستراتیژییەکان واژۆ بکات یان گرێبەستێک بکات کە پابەندییەکی دارایی و سیاسیی درێژخایەن بۆ وڵات دروست بکات.
سنووری کارکردنی حکومەتی کاربەڕێکەر
تاکە ئەرکی حکومەتی کاربەڕێکەر بریتییە لە بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانەی دامودەزگاکان و ڕانەگرتنی ژیانی هاونیشتمانییان. ئەم جۆرە حکومەتە تەنیا توانای دەرکردنی ئەو بڕیارانەی هەیە کە پەیوەستن بە خزمەتگوزارییە گشتییەکانەوە، ئەویش بۆ ماوەیەکی کاتیی دیاریکراو تاوەکو حکومەتی نوێ پێکدێت. حکومەتی کاربەڕێکەر بۆی نییە هیچ بڕیارێک بدات کە حکومەتی پاش خۆی نەتوانێت جێبەجێی بکات یان ناچاری بکات بە سیاسەتێکی دیاریکراوەوە.
دەسەڵاتە گشتگیرەکانی حکومەتی ئاسایی
بە پێچەوانەی حکومەتی کاربەڕێکەرەوە، حکومەتی ئاسایی خاوەنی دەسەڵاتی تەواوە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا. ئەم دەسەڵاتانە بوارەکانی پێشکەشکردنی پڕۆژەیاسا، دامەزراندنی فەرمانبەران لە هەموو ئاستەکان، واژۆکردنی ڕێککەوتنامە نێودەوڵەتییەکان و دەرکردنی بڕیاری ستراتیژی و گرنگ دەگرێتەوە. حکومەتی ئاسایی دەتوانێت پلانی درێژخایەن دابڕێژێت و پابەندیی دارایی و سیاسیی گەورە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بگرێتە ئەستۆ.
جیاوازییە سەرەکییەکان لە چەند خاڵێکدا:
1. حکومەتی ئاسایی:
بەڕێوەبردنی تەواوی کاروباری حکومەت.
پێشکەشکردنی پڕۆژەیاسا.
دەسەڵاتی تەواوی دامەزراندن.
واژۆکردنی ڕێککەوتنامە نێودەوڵەتییەکان.
بڕیاردانی ستراتیژی و درێژخایەن.
2. حکومەتی کاربەڕێکەر:
تەنیا بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانە.
پڕکردنەوەی بۆشایی یاسایی بۆ ماوەیەکی کاتی.
بێبەشبوون لە دامەزراندنی پلە باڵاکان.
نەبوونی دەسەڵاتی واژۆکردنی گرێبەستە ستراتیژییەکان.
3 کاتژمێر پێش ئێستا