فەرمانبەرێکی دهۆک: لەبەر دەزگا ئەمنییەکان دهۆکم جێهێشت

ئارام قەرەداغی 3 کاتژمێر پێش ئێستا

فەرمانبەرێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک، دوای بڵاوکردنەوەی چەند کەیسێکی گەندەڵی، ڕایدەگەیەنێت کە لەژێر فشاری بەردەوامی دەزگا ئەمنییەکاندا ناچار بووە شارەکە و زۆنی زەرد بەجێبهێڵێت.

هەراسانکردنی بەردەوام و بەجێهێشتنی دهۆک

هەژار سادق، کە فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی تۆماری کردووە، ڕایگەیاند کە بەهۆی بڵاوکردنەوەی کەیسەکانی گەندەڵی لە فەرمانگەکەی، لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە هەراسان کراوە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕۆژانە بانگ کراوە و لێپێچینەوەی لەگەڵ کراوە، ئەمەش وای لێکردووە بڕیاری جێهێشتنی پارێزگای دهۆک و زۆنی زەرد بدات.

هەڵوێستی فەرمانبەرەکە بەرامبەر گەندەڵی

ئەو فەرمانبەرەی دهۆک جەخت دەکاتەوە کە ئەو دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان و سیاسەتەکەی نییە، بەڵکو تەنیا دژی گەندەڵی و کارە هەڵەکان وەستاوەتەوە. هەژار سادق دەڵێت، لەجیاتی ئەوەی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بەدەم بەڵگەکانەوە بچن و لێپێچینەوەی یاسایی لە گەندەڵکاران بکەن، کەچی هێزە ئەمنییەکان فشاریان بۆ ئەو هێناوە و تەنانەت لە دوایین کاردانەوەدا جارێکی دیکە بانگیان کردووەتەوە بۆ لێپرسینەوە.

پەیام بۆ بنەماڵەی بارزانی و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی بەڵگەکان

لە پەیامەکەیدا، هەژار سادق ڕووی دەمی دەکاتە بنەماڵەی بارزانی و داوایان لێدەکات بێنە سەرخەت و خۆیان کەیسەکە لە ئەستۆ بگرن. ناوبراو هۆشداری دەدات و دەڵێت، ئەگەر لێپێچینەوەی ورد لەسەر ئەو گەندەڵیانە نەکرێت و وازی لێ نەهێنرێت، ئەوا ناچار دەبێت هەموو ئەو بەڵگە و گەندەڵیانەی لەلایە، بەشێوەیەکی فراوان لە سۆشیال میدیا بۆ ڕای گشتی بڵاویان بکاتەوە.

ئارام قەرەداغی

3 کاتژمێر پێش ئێستا