قەیرانی دۆلار لە عێراق؛ یەدەگی دراوی بیانی 31.1 ملیار دۆلار کەمی کردووە

یاد نەوزاد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
بڕێک لە یەدەگی دۆلار
بڕێک لە یەدەگی دۆلار

بەردەوامیی ناسەقامگیریی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار تەنیا پرسێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە گۆڕانکاریی دارایی جیهانی، سزاکانی گەنجینەی ئەمریکا و شێوازی نوێی حەواڵەکردنی پارە.

هاوسەنگیی خواست و خستنەڕوو لە بازاڕەکاندا

بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەندی بە زۆریی خواست لەسەر دراوی کاش هەیە بەراورد بەو بڕەی بانکی ناوەندی دەیخاتە بازاڕەوە. کاتێک خواست لە بازاڕدا زیاد دەکات و خستنەڕوو سنووردار دەبێت، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بەهاکەی بەرز دەبێتەوە. جگە لەوەش، گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەکە و جیهان هۆکارێکی دیکەن، چونکە وەبەرهێنەران و هاووڵاتییان بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان پەنا بۆ کڕینی دۆلار دەبەن، ئەمەش فشارێکی زیاتر دەخاتە سەر بازاڕ.

گرفتی بازرگانان و سیستمی ئەسیکۆدا لە هەرێمی کوردستان

عێراق وەک وڵاتێکی هاوردەکار، بەردەوام پێویستی بە دۆلاری کاش هەیە بۆ کڕینی کاڵا لە دەرەوە. یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان لاوازیی بانکی ناوەندییە لە دابینکردنی دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ بازرگانان، بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان. بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا نەچووەتە ناو سیستمی ئەسیکۆدا، بازرگانانی ناچارن بۆ حەواڵەکردنی پارەکانیان دۆلار بە نرخی ڕۆژ لە بازاڕی ڕەش بکڕن، ئەمەش بەردەوام بەهای دۆلار بە بەرزی دەهێڵێتەوە.

سزاکانی ئەمریکا و گۆڕانکارییە داراییەکان

لە نێوان ساڵانی 2022 بۆ 2026، پێنج گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە سیستمی ئابووریی عێراقدا ڕوویانداوە کە کاریگەرییان لەسەر کەمبوونەوەی دۆلاری کاش هەبووە. یەکێک لەو هۆکارانە سزادانی 14 بانکی کەرتی تایبەت بوو لە ساڵی 2023 لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە. ئەم ڕێکارانە لەگەڵ توندکردنەوەی چاودێرییەکان بۆ ڕێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە، وایکردووە ئەو بڕە دۆلارە کاشەی کە پێشتر بە فڕۆکە لە ئەمریکاوە دەگەیشتە عێراق، بەشێوەیەکی بەرچاو کەم ببێتەوە.

دیجیتاڵیکردنی حەواڵەکان و دابەزینی یەدەگی دراو

گۆڕینی پەنجەرەی خستنەڕووی دۆلار بۆ سیستمی دیجیتاڵی بۆ هەموو مامەڵەیەکی دەرەکی، قەیرانی دۆلاری قووڵتر کردووەتەوە. ئەم هۆکارانە لەگەڵ کەمبوونەوەی داهاتی نەوت، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر یەدەگی دراوی بیانیی عێراق هەبووە. بەگوێرەی ئامارەکان، یەدەگی دراوی بیانیی عێراق کەمبووەتەوە بۆ 96.9 ملیار دۆلار؛ ئەمەش بەو مانایەیە کە لە ماوەی کەمتر لە 3 ساڵدا (لە کانوونی یەکەمی 2023 بۆ ئازاری 2026)، بڕی 31.1 ملیار دۆلار لە یەدەگی دراوی بیانیی وڵات کەمیکردووە.

یاد نەوزاد

3 کاتژمێر پێش ئێستا