مارکۆ ڕوبیۆ: تاوەکو گرووپە بریکارەکانی ئێران لە عێراق بن دوژمنکاری کۆتایی نایەت

شێوە عومەر 2 کاتژمێر پێش ئێستا
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا. فۆتۆ: AFP
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا. فۆتۆ: AFP

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت کە کۆتایهێنان بە شەڕ لە ناوچەکەدا بەستراوەتەوە بە چارەسەرکردنی پرسی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران، هاوکات هۆشداریی توند دەداتە تاران لەبارەی هەر هەوڵێک بۆ سەپاندنی باج لە گەرووی هورمز.

چالاکیی گرووپە بریکارەکان لە عێراق و ناوچەکە

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دەستپێکی سەردانەکەیدا بۆ وڵاتانی کەنداو لە ئەبوزەبی، تیشکی خستە سەر ڕۆڵی گرووپە بریکارەکانی ئێران لە عێراق. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەستەمە دوژمنکارییەکان بوەستن تاوەکو ئەو گرووپانە لە ناو خاکی عێراقەوە درۆن و مووشەک ئاراستە بکەن. روبیۆ جەختی کردەوە کە بەشداریی ئەو گرووپانە لە تیرۆریزم، هاوشێوەی ئەوەی حەماس و حیزبوڵڵا ئەنجامیان داوە، پرسێکی سەرەکییە و لە دانوستاندنەکاندا بە وردی قسەی لەسەر دەکرێت.

هۆشداریی واشنتن لەسەر گەرووی هورمز

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیامێکی ڕوونی ئاراستەی تاران کرد سەبارەت بە ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان. ڕایگەیاند کە گەرووی هورمز ڕێڕەوێکی نێودەوڵەتییە و هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە باج یان تێچووی تێپەڕبوون بەسەر کەشتییەکاندا بسەپێنێت. ئەم لێدوانەی روبیۆ وەک وەڵامێک هات بۆ ڕاگەیێندراوی هاوبەشی ئێران و عومان کە تێیدا باسیان لە "سەروەریی" خۆیان بەسەر گەرووەکەدا کردبووەوە. روبیۆ دووپاتی کردەوە کە واشنتن ڕێگە بە هیچ جۆرە باجێک نادات لەو ڕێڕەوە ستراتیژییەدا.

ڕزگارکردنی 11 هەزار دەریاوان لە گەرووی هورمز

لە لایەکی دیکەوە، ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی ڕایگەیاند کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێران، عومان و ئەمریکا، پرۆسەی ڕزگارکردن و گواستنەوەی زیاتر لە 11,000 دەریاوان دەستپێدەکەن. ئەم دەریاوانانە بەهۆی گەمارۆکانی سەر گەرووی هورمزەوە لەنێو کەشتییەکاندا گیریان خواردووە. ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە گەرەنتیی ئەمنیی پێویستیان بۆ گواستنەوەی ئەو کەسانە وەرگرتووە.

کێشەکانی بەردەم دۆسیەی ئەتۆمی و پشکنینەکان

سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، لێدوانی دژبەیەک لە نێوان واشنتن و تاراندا هەیە. لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت ئێران بە "بەرزترین ئاستی پشکنین" ڕازی بووە، بەڵام ئیسماعیل باقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمەی ڕەتکردەوە. تاران ڕایگەیاندووە کە ڕێگە نادەن پشکنەران سەردانی ئەو بنکە ئەتۆمییانە بکەن کە لە جەنگی ساڵی ڕابردوودا لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردوومان کراون.

دانوستاندنەکانی بەرەی لوبنان و ڕۆڵی حیزبوڵڵا

لە بەرەی لوبنانیشەوە، گەڕی 5ـەمی دانوستاندنەکانی نێوان بەرپرسانی لوبنان و ئیسرائیل لە واشنتن بەڕێوەدەچێت. روبیۆ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی لوبنان و سەرۆک جۆزێف عەون مامەڵە دەکەن، بەڵام جەختی کردەوە کە پشتگیریکردنی حیزبوڵڵا لەلایەن ئێرانەوە وەک بەشێکی سەرەکی لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ تاران دەمێنێتەوە و ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت.

شێوە عومەر

2 کاتژمێر پێش ئێستا