کەرکووک پاش 27 ساڵ؛ سەرژمێرییەک لە نێوان مەترسیی 'تەعریبی نوێ' و زیادبوونی بودجەدا

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا

دوای 27 ساڵ، پرۆسەی سەرژمێریی گشتی لە کەرکووک کۆتایی هات، بەڵام ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد لەسەر شەرعییەت و دەرەنجامەکانی ئەم پرۆسەیە هێشتا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.

پشتگوێخستنی تێبینییەکانی کورد لە ناوچە جێناکۆکەکان

سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی لایەنی کوردی بۆ گونجاندنی پرۆسەی سەرژمێری لەگەڵ تایبەتمەندیی ناوچە جێناکۆکەکان، بەڵام حکومەتی عێراق تێبینییەکانی کوردی لە کەرکووک بەهەند وەرنەگرتووە. لایەنی کوردی داوای دەکرد سەرژمێریی ساڵی 1957 بکرێتە بنەما بۆ دیاریکردنی دانیشتووانی ڕەسەنی شارەکە و ناوچەکانی ماددەی 140، بەڵام ئەنجامدانی پرۆسەکە بەبێ ڕەچاوکردنی ئەم داواکارییە، نیگەرانیی لای بەرپرسانی هەرێم دروست کردووە.

مەترسییەکانی سەرژمێری لەسەر پێگەی کورد

فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، پرۆسەی سەرژمێریی ساڵی 2024 بە "مەترسی" ناودەبات. نیگەرانییەکان لەوەوە سەرچاوە دەگرن کە ئەو گۆڕانکارییە دیمۆگرافییانەی لە سەردەمی ئیدارەی ڕاکان جبوریدا ڕوویانداوە، لەم سەرژمێرییەدا جێگیر بکرێن. بەو پێیەی لەو ماوەیەدا هەزاران خەڵکی ناوچەکانی دیکەی عێراق هێنراونەتە کەرکووک و نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، کورد ئەمە بە جۆرێک لە "تەعریبی نوێ" دەبینێت کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر داهاتووی سیاسیی شارەکە دەبێت.

کەرکووک 2 ملیۆن کەسی تێپەڕاند؛ لایەنە ئەرێنییەکان

سەرباری مەترسییە سیاسییەکان، سەرژمێرییەکە لایەنێکی ئەرێنی بۆ پارێزگاکە هەبووە کە ئەویش پەیوەستە بە پرسی بودجە و خزمەتگوزارییەکان. بەپێی دەرەنجامە سەرەتاییەکان، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای کەرکووک 2 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە. ئەم زیادبوونە لە ژمارەی دانیشتووان دەبێتە هۆی ئەوەی پشکی پارێزگاکە لە بودجەی گشتیی عێراق و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان زیاد بکات.

هەڵوێستی ئیدارەی کەرکووک لەسەر ئەنجامەکان

ئەنجامی سەرژمێرییەکە گەیشتووەتە ئیدارەی کەرکوک و بەرپرسانی شارەکە هەوڵ دەدەن دڵنیایی بدەنە نەتەوە جیاوازەکان. هیدایەت تاهیر، یاریدەدەری پارێزگاری کەرکووک، ڕایگەیاندووە کە ئەوان وەک ئیدارەی شارەکە ڕێگە نادەن ئەم پرۆسەیە ببێتە مەترسی بۆ سەر هیچ نەتەوەیەک. جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە کە دەبێت سەرژمێرییەکە تەنیا بۆ مەبەستی گەشەپێدان و ئاوەدانی بەکاربهێنرێت، نەک وەک ئامرازێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ سیاسییەکان.

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا