ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە

جەبار حسین 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەیەکی  ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا پرسی زیادکردنی مووچەی خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەت و ڕێککەوتنی ئەسیکۆدا لەگەڵ بەغداد یەکلا دەکاتەوە.

کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران

ئەمڕۆ چوارشەممە، 24-06-2028، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. کۆبوونەوەکە لە دوو بڕگەی سەرەکی پێکدێت؛ بڕگەی یەکەم تایبەتە بە ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد لەسەر سیستمی (ئەسیکۆدا)، بڕگەی دووەمیش تایبەت کراوە بە گفتوگۆکردن و بڕیاردان لەسەر دەستەبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەت.

زیادکردنی مووچەی خانەنشینانی کەرتی تایبەت

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆ لەسەر پێشنیازێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەکات بۆ زیادکردنی کەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەت. بەپێی یاسا و ڕێنماییە کۆنەکان، مووچەی خانەنشینی ئەم توێژە لە 150 هەزار دینارەوە دەست پێدەکات، بەڵام بڕیارە لەم کۆبوونەوەیەدا ڕەزامەندی لەسەر بەرزکردنەوەی ئەو مووچەیە بۆ 500 هەزار دینار بدرێت. ئەم بڕە پارەیە لە خەزێنەی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران دابین دەکرێت.

ئیمتیازاتەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران

بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو کرێکارانەی ناویان لە سیستمی دەستەبەریدا تۆمار دەکرێت، تەنیا لە مووچەی خانەنشینی سوودمەند نابن. ئەو کرێکارانە لەکاتی پێکان یان نەخۆشیدا بیمەی تەندروستییان دەبێت و پاداشتی کۆتایی کار وەردەگرن. ئامانجی ئەم چاکسازییە ئەوەیە کە کرێکارانی کەرتی تایبەت هاوشێوەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لە داهاتووی خۆیان دڵنیا بن.

ڕێککەوتنی هەولێر و بەغداد لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە تەرخان کراوە بۆ تاوتوێکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا. ئەم سیستمە پەیوەستە بە بەدیجیتاڵیکردنی کاروباری گومرگی و ڕێکخستنەوەی داهاتەکان لە نێوان هەردوو حکومەتدا، کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ شەفافییەتی دارایی و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغداد.

جەبار حسین

2 کاتژمێر پێش ئێستا