ئەنچیلۆتی: نەیمار ئامادەیە بەڵام بەشداریکردنی مسۆگەر نییە
کارلۆ ئەنچیلۆتی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل ڕایگەیاند، نەیمار دا سیلڤا بۆ بەشداریکردن لە سێیەم یاریی بەڕازیل لە قۆناغی کۆمەڵەکانی مۆندیالی 2026 بەرامبەر سکۆتلەندا ئامادەیە، بەڵام ئامادەنەبوو ئاشکرای بکات کە ئایا لە سەرەتای یارییەکەوە یاری دەکات یان نا.
ئەنچیلۆتی بڕیاریدا نەیماری تەمەن 34 ساڵ بانگێشتی پێکهاتەی مۆندیال بکات، ئەوەش دوای نزیکەی سێ ساڵ دابڕان لە هەڵبژاردەکە، بەڵام بەهۆی پێکانێک لە ماسولکەی قاچیدا، تاوەکو ئێستا بەشداریی لە پاڵەوانێتییەکەدا نەکردووە.
ڕاهێنەرە ئیتاڵییەکە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گووتی: "نێیمار ئامادەیە، لەم هەفتەیەدا ڕاهێنانی کردووە و دەتوانێت بۆ یارییەکە ئامادە بێت، ئێمە زۆر دڵخۆشین بە گەڕانەوەی، چونکە بەهۆی کوالێتییە هونەرییەکەیەوە دەتوانێت یارمەتی تیپەکە بدات."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو ماوەیەی نەیمار دەتوانێت یاری بکات، ئەنچیلۆتی بە گاڵتەجاڕییەوە گووتی: "دەتوانێت 90 خولەک یاری بکات... بەڵام بە پیاسەکردن! نا، ئەو لە دۆخێکی باشدایە و ڕاهێنانەکانی بە شێوەیەکی نایاب ئەنجامداوە، بەڵام بەشداریکردنی دەکەوێتە سەر بارودۆخی جەستەیی و ئامادەباشییەوە."
3 کاتژمێر پێش ئێستا