پزیشکیان و شەریف جەخت لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و بەرقەراکردنی ئاشتی لە ناوچەکە دەکەنەوە

سامیا حەسەن 2 کاتژمێر پێش ئێستا
پێشوازیی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران. فۆتۆ: AFP
پێشوازیی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران. فۆتۆ: AFP

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا جەختیان لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەرقەراکردنی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکە لە ڕێگەی دیالۆگ و دیپلۆماسی کردەوە.

پرسی بەرنامەی مووشەکیی ئێران

مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا لەبارەی توانای سەربازیی وڵاتەکەیەوە ڕایگەیاند، "پرسی توانا مووشەکییەکانمان هەرگیز گفتوگۆ هەڵناگرێت، ئەگەر مووشەکەکانمان بۆ بەرگری لە خۆمان بەکارنەهێنایە، ئێستا ئەمریکا و ئیسرائیل ئێرانیان وەکو غەززە وێران دەکرد".

میکانیزمی بەدیهێنانی ئارامی لە ناوچەکەدا

سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی بەرقەراکردنی ئاسایشەوە ڕاشیگەیاند، "باوەڕی تەواومان بەوە هەیە کە ئاشتی و ئاسایش و ئارامی و خۆشگوزەرانیی خەڵک لە ناوچەکەدا، تەنیا لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە دەستبەر دەکرێت".

ڕەتکردنەوەی گفتوگۆ لەسەر سیستمی بەرگری

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران زیاتر ڕوونی کردەوە و لەبارەی یاداشتنامەی لێکگەیشتنەکەوە گوتی، "پرسی بەرنامەی مووشەکیی ئێمە لە یاداشتنامەکەدا بە هیچ جۆرێک بوونی نییە و بە هیچ جۆرێکیش بوونی نابێت، ئەگەر ئەو مووشەکانەمان بۆ بەرگری لە خۆمان بەکارنەهێنایە، ئەو کات ئەمریکا و ئیسرائیل ئێرانیان وەکو غەززە وێران دەکرد و بە گەنج و پیرەکانمان ڕەحمیان نەدەکرد، ئەوانەی کە باسی مافی مرۆڤ دەکەن درۆیەکی گەورە دەکەن، ئەگەر نەمانتوانیبایە بەرگری لە خۆمان بکەین بە هیچ جۆرێک بەزەیییان بە وڵاتی ئێمەدا نەدەهاتەوە و هەموو تواناکانی ئێمەیان وێران دەکرد، بۆیە لە هیچ کات و ساتێکدا لەبارەی پرسی بەرنامە مووشەکییەکەمانەوە لەگەڵ هیچ کەسێک گفتوگۆمان نییە و نابێت".

بنیاتنانی هاوکاریی هەرێمی لە کەنداو

سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی بنەماکانی هاوسێیەتییەوە گوتیشی، "وەکو کۆماری ئیسلامیی ئێران باوەڕی تەواو و قوڵمان بەوە هەیە کە ئاشتی، ئاسایش، ئارامی، گەشەسەندن و خۆشگوزەرانیی خەڵک لە ناوچەی ستراتیژیی ڕۆژئاوای ئاسیا و کەنداوی فارسدا، تەنیا و تەنیا لە ڕێگەی گفتوگۆی ڕاشکاو و ڕاستگۆیانە، هاوکاریی یەکدی و مامەڵەی دروست لەسەر بنەمای ڕێزی یەکترگرتن بەرقەرار دەبێت".

هەڵوێستی پاکستان بەرامبەر مووشەکەکانی ئێران

هاوکات شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لەبارەی پرسی بەرنامە مووشەکییەکەی تارانەوە ڕایگەیاند، زۆر وڵاتی دیکە هەن کە هاوشێوەی ئێران خاوەنی مووشەکی جۆراجۆرن، بەڵام بۆچی دەبێت ئەوەی ئێران وەک هەڕەشە تەماشا بکرێت؟

کارتێکەریی هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەسەر ناوچەکە

شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لەبارەی ڕێگریکردن لە فراوانبوونی ئاڵۆزییەکانەوە باسی لەوەش کرد، "ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان و واژۆکردنی یاداشتەکە بە هەوڵی وڵاتەکەی نەبووایە، ڕەنگبوو جەنگەکە تەواوی ناوچەکەی بگرتایەتەوە".

ڕۆڵی ئیسلامئاباد لە نێوەندگیریی نێوان تاران و واشنتن

شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان زیاتر ڕوونی کردەوە و لەبارەی دەرئەنجامەکانی ڕێککەوتنەکەوە گوتی، "دوای واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکگەیشتنەکە لەلایەن ئێران، ئەمریکا و پاکستانەوە، ئەمە بووە جێگەی دڵخۆشیمان و بووە هۆی کۆتاییهاتنی جەنگەکە کە دەکرا پەرە بسێنێت و هەموو ناوچەکە بگرێتەوە، بۆیە پاکستان سوپاسگوزاری سەرکردایەتیی ئێران دەکات بۆ ئەو متمانە زۆرەی کە بە ئێمەیان بەخشی تاوەکو بەردەوامی بە کاری نێوەندگیریی ئەم پرۆسەی ئاشتییە بدەین".

سەرسوڕمان لە ناڕەزایەتییە نێودەوڵەتییەکان

سەرۆکوەزیرانی پاکستان لەبارەی نەبوونی بابەتی مووشەکی لە ئەجێندای دانوستانەکاندا گوتیشی، "زۆر لە وڵاتانی جیهان هەن کە خاوەنی چەندین جۆر مووشەکی بالیستین لە کۆگاکانیاندا، کەواتە بۆچی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە مووشەکەکانی ئێران دەردەبڕن؟ ئەوە جێگەی گومان و پرسیارە، بۆیە منیش دەمەوێت ئەوە بڵێم کە پرسی بەرنامە مووشەکییەکە هەرگیز بەشێک نەبووە لە ئەجێندای گفتوگۆکان و هەرگیزیش لەسەر مێزی دانوستانەکان نەبووە، وەک ئەوەی لە ڕاپۆرتەکانی کەناڵ8 ئاماژەی پێ دراوە".

ئامانجی سەردانە فەرمییەکەی پزیشکیان بۆ پاکستان

دوێنێ سێشەممە 23ی حوزەیران، سەرۆککۆماری ئێران بە سەردانێکی فەرمی چووە پاکستان و چاوی بە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کەوت؛ میدیا فەرمییەکانی ئێرانیش ڕایانگەیاند، یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی کارنامەی سەردانەکە، بریتییە لە دەربڕینی سوپاس بۆ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، لە بەرامبەر هەوڵەکانی ئیسلامئاباد بۆ نێوەندگیری لە نێوان ئێران و ئەمریکادا.

سامیا حەسەن

2 کاتژمێر پێش ئێستا