بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ عەلی باپیر کۆدەبێتەوە
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە درێژەی دیدارە سیاسییەکانیدا، ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی لەگەڵ سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کۆدەبێتەوە.
کات و شوێنی کۆبوونەوەکە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24-06-2026، کاتژمێر 2:00ـی پاشنیوەڕۆ، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە گەڕەکی کازیوە دەکات. لەو دیدارەدا عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری پێشوازی لە سەرۆکی یەکێتی دەکات.
تەوەرەکانی گفتوگۆ
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێ دەکرێن. ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە سەرۆکی یەکێتی هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ لێکنزیککردنەوەی بۆچوونەکان و گفتوگۆکردن لەسەر پرسە چارەنووسسازەکانی قۆناغەکە.
بەردەوامیی دیدارەکان لەگەڵ لایەنە ئیسلامییەکان
ئەم سەردانەی بۆ لای سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری پاش ئەوە دێت کە دوێنێ 23-06-2026، بافڵ جەلال تاڵەبانی هەر لە شاری سلێمانی سەردانی سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانی کرد و لەگەڵ ئەو لایەنەشدا دۆخی سیاسیی ناوچەکەی تاوتوێ کردبوو.
2 کاتژمێر پێش ئێستا