شەشەمین خولی فێستیڤاڵی چەمچەماڵ بۆ فیلمی جینۆساید کۆتاییهات
ڕێکەوتی 23ی حوزەیران، پاش تێپەڕینی سێ ڕۆژ لە کار و چالاکییە سینەماییەکان، شەشەمین خولی فێستیڤاڵی چەمچەماڵ بۆ فیلمی جینۆساید کۆتاییهات.
ژمارەیەک کەسایەتی ناسراو ئامادە بوون
لە کۆتا ڕێوڕەسمی فێستیڤاڵەکەدا، کە ژمارەیەک لە بەرپرس، هونەرمەند و میوانە ناوخۆیی و دەرەکییەکان ئامادە بوون، کار و چالاکییەکان بەڕێوەچوون و براوەی خەڵاتەکان ئاشکرا کران.
لە دەستپێکی ڕێوڕەسمەکەدا، ئیدریس شەوکەت، سەرۆکی فێستیڤاڵەکە، وتاری کۆتایی پێشکەش کرد و سوپاسی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ڕۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی کرد، کە پاڵپشت بوون لە ڕێکخستنی فێستیڤاڵەکە و پێشکەشکردنی کار و بەرهەمەکان.

گرووپی موزیکی چەمچەماڵ بەرهەمیان پێشکەش کرد
لە کۆتا چالاکییەکاندا، گرووپی موزیکی چەمچەماڵ، چەند بەرهەمێکیان پێشکەشی ئامادەبووان کرد، پاشان لیژنەی داوەریی فێستیڤاڵەکە، کارکردنی بابەتییانەی خۆیان خستە ڕوو، هاوتای پێشکەشکردنی چەند پێشنیار و ڕاسپاردەیەک بە بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵەکە، لیستی ناوی براوەی خەڵاتەکانیان ئاشکرا کرد.

بۆ خولی شەشەم، پێنج فیلمساز وەکو براوە دەستنیشان کران، بەم جۆرەی خوارەوە:
- خەڵاتی یەکەم بۆ فیلمی چیرۆک ئامێز: کۆشکی مێرولەکان – تۆفیق ئەمان
- خەڵاتی دووەم بۆ فیلمی چیرۆک ئامێز: فایلی ژمارە 1 – سۆنا جەلیل زەنگەنە
- خەڵاتی سێیەم بۆ فیلمی چیرۆک ئامێز: خەونا بێزمان – مەزڵوم باران تەکین
- خەڵاتی بەڵگەفیلم: ژیان لە ئەرشیفدا – بورهان ئەحمەدی
- خەڵاتی کۆرناڵ: لیمۆ هەموشتی دەزانی – ئیدریس مەحموودیان

حەوت خەڵاتی ڕێزلێنانی تایبەتی لیژنەی داوەرانیش بەخشرا بە چەند بەرهەمێک، لەوانە:
- فیلمی پەرژین – ساکار عوسمان
- فیلمی سیتاف – دیلان تۆفیق
- فیلمی بۆنی باروت، دەستور – فەرشید عەبدی
- فیلمی 13ی 5 – تاریق تۆفیق
- فیلمی جەنگ و ڕەنگ – عەدنان زەندی
- فیلمی نیشان – ڕێمان ڕەنج
- فیلمی چاکبونەوە – ئیلهام ڕەحیمی پور
هۆمەر محەممەد خەڵاتکرا
لە هەمان کاتدا، خەڵاتی ڕێزلێنانی فێستیڤاڵەکە، پێشکەش بە هۆمەر محەممەد، سەرنووسەری گۆڤاری ئەنفالستان کرا، کە یەکێکە لە کەسایەتییە گرنگەکانی بواری بە-دۆکیۆمێنتکردن و پاراستنی ڕووداو و چیرۆکەکانی پەیوەست بە ئەنفال.

تایبەتە بە فیلمی جینۆساید
فێستیڤاڵی چەمچەماڵ بۆ فیلمی جینۆساید، فێستیڤاڵێکی تایبەتە بەو فیلم و بەرهەمە سینەماییانەی لەبارەی تاوانەکانی جینۆساید بەرهەمدەهێنرێن، ساڵانە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەری چەمچەماڵ بەڕێوەدەبرێت، تاوەکو ئێستا شەش خولی ئەنجامداوە و لە دوایین خولیدا، 43 فیلمی ناوخۆیی و دەرەکی تیادا نمایش کرا.
3 کاتژمێر پێش ئێستا