ئاژانسی وزەی ئەتۆم: بەم نزیکانە پشکنینەکانمان لە ئێران دەست پێ دەکەینەوە

سامیا حەسەن 4 کاتژمێر پێش ئێستا
رافائیل گرۆسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم. فۆتۆ: AP
رافائیل گرۆسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم. فۆتۆ: AP

بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند، بەم نزیکانە پشکنەرانیان دەچنەوە ئێران و پشکنینەکانیان لە وێستگە ئەتۆمییەکان دەست پێ دەکەنەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە دیاریکردنی کاتی پشکنینەکان لەبری ڕەتکردنەوەی پێشوتری تاران، ئێستا لە ڕێگەی گفتوگۆوە دەبێت و پرسی بەشداریپێکردنی ئەمریکاش تەنیا لە دەسەڵاتی ئێراندایە.

دەستپێکردنەوەی پشکنینەکان

ڕافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەبارەی پشکنینی وێستگە ئەتۆمییەکانەوە ڕایگەیاند، لە ئایندیەکی نزیکدا پشکنەرانی ئاژانسەکە دەچنەوە ئێران و پشکنینەکانیان لە وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران دەست پێ دەکەنەوە. گوتیشی، بۆ دیاریکردنی کاتەکەشی لەگەڵ بەرپرسانی تاران لە گفتوگۆ و ڕاوێژدا دەبن.

دیاریکردنی شوێنی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە

بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەبارەی شوێنی یۆرانیۆمە زۆر پیتێنراوەکەی ئێرانەوە گوتی، ئەوەی بۆ ئاژانسەکە گرنگە دیاریکردن و پشکنینی شوێنی یۆرانیۆمە زۆر پیتێنراوەکەی ئێرانە؛ ئاژانسەکە زانیاریی لەبارەی شوێنی یۆرانیۆمەکە هەیە، بەڵام پێویستە ئێرانیش هاوکاریی ئاژانسەکە بکات و زانیاریی تەواو لەو بارەیەوە پێشکەش بکات.

کاتی دەستپێکردنی گفتوگۆکان

ڕافائێل گرۆسی لەبارەی کات و شوێنی پشکنینەکانەوە ڕایگەیاند، لە داهاتوویەکی نزیکدا گفتوگۆکانی ئاژانسەکە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران بۆ دیاریکردنی شوێن و کاتی پشکنینەکان دەست پێ دەکات.

چارەنووسی بەشداریی ئەمریکا لە پشکنینەکاندا

بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەبارەی بانگهێشتکردنی ئەمریکا یان لایەنی دیکە بۆ پشکنینەکان گوتی، ئەو بڕیارە لای بەرپرسانی تاران خۆیانە و پرسی پشکنینەکانیش تەنیا لای ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمە.

هەڵوێستی پێشووی ئێران

ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو، "هیچ دیدار و گفتوگۆیەکیان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نییە و هیچ بەرنامەیەکیشیان بۆ کردنەوەی دەرگای لێکۆڵینەوە بۆ پشکنەرانی ئاژانسەکە لە وێستگە ئەتۆمییەکانیان نییە".

سامیا حەسەن

4 کاتژمێر پێش ئێستا