ئەمڕۆ مێسی تەمەنی بووە 39 ساڵ
لیۆنێل مێسی، یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی مێژووی تۆپی پێ و گۆڵکاری مێژوویی مۆندیال، گۆڵکاری مێژوویی ئەرجەنتین و براوەی هەشت باڵۆندۆر، ئەمڕۆ ساڵیادی لەدایکبوونییەتی و پێدەنێتە تەمەنی 39 ساڵی.
چیرۆکی ژیانی مێسی، چیرۆکی تێکۆشان، بەردەوامبوون و سەرکەوتنە بەسەر مەحاڵدا، لە خوارەوە بە کورتی چاوێک بە ژیان و کاروانی وەرزشی ئەم ئەستێرەیەدا دەخشێنین.
منداڵی و دەستپێکێکی قورس
مێسی لە 24ـی حوزەیرانی 1987 لە شاری ڕۆزاریۆ لە ئەرجەنتین لە خێزانێکی هەژار لەدایکبووە، لە تەمەنێکی زۆر بچووکەوە خولیای تۆپی پێی هەبوو، لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە لە یانە ناوخۆییەکان دەستی بە یاریکردن کرد و دواتر چووە ڕیزی تیمی لاوانی یانەی "نیوێڵز ئۆڵد بۆیز".
کاتێک تەمەنی گەیشتە 11 ساڵ، پزیشکەکان کێشەیەکی تەندروستییان تێدا دۆزییەوە کە کەمیی هۆرمۆنی گەشە بوو. ئەمەش واتای وابوو کە مێسی بە سروشتی گەشە ناکات و باڵای کورت دەمێنێتەوە، بەتایبەت ئەگەر چارەسەر و دەرزی تایبەت وەرنەگرێت، تێچووی چارەسەرەکە مانگانە نزیکەی 900 دۆلار بوو، کە خێزانەکەی و یانەکەی توانای دابینکردنییان نەبوو.
گەشتەکەی بەرەو بەرشلۆنە و ئەکادیمیای (لاماسیا)
لە کاتێکدا کە هیوای خێزانەکەی بەرەو نەمان دەچوو، بەهرە بێهاوتایەکەی مێسی سەرنجی دۆزەرەوەی بەهرەکانی یانەی بەرشلۆنەی ڕاکێشا، لە تەمەنی 13 ساڵیدا، مێسی تاقیکردنەوەی لە یانەی بەرشلۆنە ئەنجامدا، بەڕێوەبەری وەرزشی ئەو کاتەی بەرشللۆنە، کارلۆس ڕێکساش، هێندە سەرسام بوو بە بەهرەکەی، کە خێرا لەسەر کلێنێکسێک (دەستەسڕی کاغەزی) یەکەم گرێبەستی لەگەڵ مێسی واژۆ کرد.
بەرشلۆنەبەڵێنی دا کە تەواوی تێچووی چارەسەرە پزیشکییەکانی مێسی بگرێتە ئەستۆ، بەو مەرجەی مێسی و خێزانەکەی کۆچ بکەن بۆ ئیسپانیا و مێسی بچێتە ئەکادیمیای بەناوبانگی "لاماسیا".
سەردەمی زێڕین لەگەڵ بەرشلۆنە
مێسی بە خێرایی لە تیمی لاوانەوە سەرکەوت بۆ تیمی یەکەم، لە ساڵی 2004، لە تەمەنی 17 ساڵیدا، یەکەم یاری فەرمی خۆی بۆ بەرشلۆنە ئەنجامدا. لێرەوە سەردەمێکی نوێ لە مێژووی تۆپی پێدا دەستی پێکرد.
نازناوەکانی لەگەڵ بەرشلۆنە کەم نەبوون، مێسی بۆ ماوەی زیاتر لە 16 ساڵ لە تیمی یەکەمی بەرشلۆنە مایەوە، لەم ماوەیەدا 35نازناوی جۆراوجۆری بردەوە، لەوانە (10 خولی ئیسپانی و 4 خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا).
ڕیکۆردەکان: بووە گۆڵکاری مێژوویی یانەکە و خولی ئیسپانی، لە ساڵی 2012، ڕیکۆردێکی مێژوویی تۆمارکرد بە تۆمارکردنی 91 گۆڵ لە تەنها یەک ساڵدا.
جێهێشتنی بەرشلۆنە و وێستگەکانی تر
لە هاوینی 2021ـدا، بەهۆی کێشە داراییەکانی یانەی بەرشلۆنە و یاساکانی خولی ئیسپانی، مێسی بە ناچاری و بە گریانەوە یانەی تەمەنی جێهێشت و ڕووی کردە یانەی پاریس سان جێرمان (PSG)ی فەرەنسی، کە لەوێشدا دوو ساڵ مایەوە و دوو نازناوی خولی فەرەنسی بردەوە.
لە هاوینی 2022، نازناوی مۆندیالی لەگەڵ ئەرجەنتین بردەوە، کە تاکە نازناو بوو لە کاروانی وەرزشی خۆیدا ون بوو، هەر ئەوەش وایکرد ڕیکۆرد بشکێنێت و هەشتەم باڵۆندۆر بباتەوە.
دواتر لە ساڵی 2023ـدا، بڕیارێکی جیاوازی دا و پەیوەندی کرد بە یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریکییەوە، بۆ ئەوەی لە ژینگەیەکی کەمتر فشاردا بەردەوام بێت لە چێژوەرگرتن لە تۆپی پێ.
تاوەکو ئەمڕۆش ئەفسانەبوونی بەردەوامە
تاوەکو ئەمڕۆش کە لە ساتی بەڕێوەچوونی مۆندیالی 2026ـدا، ناوی مێسی هەمیشە هەر باس و خواسی ڕۆژنامەکانە، لەم تەمەنەدا خەریکی نووسینەوەی ڕیکۆردە، تا ئێستا لە دوو یاریی ئەرجەنتین پێنج گۆڵی تۆمارکردووە و بووەتە گۆڵکاریی مێژوویی مۆندیال و ڕیکۆردەکەی مایکڵ کلۆزەی ئەڵمانی شکاند.
3 کاتژمێر پێش ئێستا