زانیاریی کەناڵ8: هەفتەی داهاتوو بڕیارى خەرجکردنى مووچە دەدرێت

جەبار حسین 3 کاتژمێر پێش ئێستا
هەفتەی داهاتوو بڕیاری خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدرێت
هەفتەی داهاتوو بڕیاری خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدرێت

بە گوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، وردبینى لە لیستى مووچە و تەرازووى پێداچوونەوەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان تەواو بووە و هیچ گرفتێکى نەبووە.

تەنیا ڕێوشوێنی ڕۆتینی ماوە

هەر بە گوێرەی زانیارییەکان کە لە بەرپرسێکى باڵاى وەزارەتى دارایى عێراق دەست کەناڵ8 کەوتووە، لە ئێستادا تەنیا ڕێوشوێنی ڕۆتینى وەزارەتى دارایى عێراق ماوە بۆ ئەوەى نووسراو بۆ وەزارەتى نەوت بکات سەبارەت بە بەردەوامى هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان.

هەفتەی داهاتوو بڕیاری خەرجکردنی دەدرێت

گوتیشی، ئەگەر سبەى دەوام هەبێت ڕێکارەکانى ناردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکەن، بەڵام لە هەموو حاڵەتەکاندا هەفتەی داهاتوو بڕیارى خەرجکردنى مووچە دەدرێت.

بابەتی داهاتی نانەوتی

ڕونیشیکردەوە، ئەگەر هەرێمى کوردستان 120 ملیارى داهاتى نانەوتى ڕەوانە بکات، ئەوە مووچەکە بە تەواوی دەنێردرێت و ئەگەریش خەرج نەکرا ئەوا 120 ملیارەکەى لێدەبڕدرێت.

ناتوانرێت 120 ملیار دینار داهات ڕەوانە بکرێت

هاوکات بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کەناڵ8، کە لە بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی کەوتووە، لەم دۆخەدا بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتی نانەوتی کە زیاتر لە 60% کەم بووەتەوە، ئەم مانگەش ناتوانن 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی ڕەوانە بکەن؛ ئەوەش لە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەدا ڕوونە و دیوانی چاودێریی دارایی عێراق وردبینیی بۆ دەکەن و ڕاپۆرت دەدەنە وەزارەتی دارایی عێراق.

هەروەها ئەگەر بەغداد مانگانە 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی فیدراڵی لە تەمویلی مووچەی مانگانە ببڕێت، بۆ مانگی حوزەیران و مانگەکانی دیکە تووشی کورتهێنانی دارایی دەبنەوە.

جەبار حسین

3 کاتژمێر پێش ئێستا