ئەردۆغان: کار لەسەر چوارچێوەیەکی یاسایی دەکەین بۆ خێراکردنی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییەوە ئاماژەی بەوەکرد، لەئێستادا کار لەسەر چوارچێوەیەکی یاسایی دەکەن کە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە خێراتر دەکات و گوتی"بێ ئەوەی زۆر درێژەی پێبدەین، هەموارە یاساییەکە پێشکەشی پەرلەمان دەکەین".
تاوتوێکردنی پرۆسەی چارەسەری
ئەردۆغان کە هاوکات سەرۆکی گشتیی پارتی داد و گەشەپێدانە لە میانی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی بە دوور و درێژیی باسی پرۆسەی چارەسەریی کرد کە ئەنقەرە بە تورکیای بێتیرۆر ناویدەبات.
پرۆسەکە قۆناغی گرنگی بڕیووە
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد، پرۆسەکە بووەتە سیاسەتی دەوڵەت و گوتی: "لەگەڵ مەهەپەی هاوپەیمانمان لە هاوپەیمانیی جمهور پرۆسەکەمان دەستپێکرد و دواتر گۆڕیمان بۆ سیاسەتی دەوڵەت". جەختی لەوەشکردەوە، سەرەڕای سەرجەم ئەو کارانەی بۆ تێکدانی بەڕێوەچوون بەڵام بە ئارامی و عەقڵانییەتەوە کارەکانیان بەڕێوە بردووە و تا ئەمڕۆ قۆناغێکی گرنگیان بڕیوە.
گرژییەکانی دیمەشق و هەسەدە
سەرۆککۆماری تورکیا بێ ناوهێنان باسی لەو گرژییەکانی نێوان هەسەدە و دیمەشق کرد و ئاماژەی بەوەکرد ، ئەوە یەکێک بووە لە بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەکە بەڵام ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر توانیویەتی چارەسەری بکات.
لە بارەی جەنگی ئەمریکا و ئێرانەوە
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی جەنگی ئێرانیشەوە دوا و گوتی: "ڕێگری لە ئاژاوەی گەورەتر کرا کە خوشک و برا کوردەکانیشمان تێیدا زیانمەند دەبوون. لە داهاتوودا باشتر ڕووندەبێتەوە کە ناوچەکەمان لە لێواری چ کارەساتێک گەڕاوەتەوە".
خراترکردنی پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە
ئەردۆغان ئاشکراشیکرد، لە ئێستادا کار لەسەر چوارچێوەیەکی یاسایی دەکەین کە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە خێراتر دەکات و بە زووترین کات پێشکەشی پەرلەمانی دەکەن.
داواشیکرد، پارتە سیاسییەکان هاوشێوەی لیژنەی هاودەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی، دەبێت جیاوازییەکانیان وەلابنێن، پشتگیری لە پرۆسەکە بکەن و بەرپرسیارێتیی هەڵبگرن.
پێشکەشکردنی هەمواری یاسایی بە پەرلەمان
سەرۆککۆماری تورکیا لە درێژەی قسەکانیدا لە بارەی پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە گوتی " لە قۆناغی ئێستادا کار لەسەر چوارچێوەیەکی یاسایی دەکەین کە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە خێراتر بکات. دوای ئەنجامدانی ڕاوێژکارییە پێویستەکان، بێ ئەوەی زۆر درێژەی پێبدەین، هەمواری یاسایی لەوبارەیەوە پێشکەشی پەرلەمان دەکەین، تاوەکوو بڕیاری لەسەر بدات. بە تەواوی باوەڕموایە ئێمە خاوەنی توانایەکی زۆرین بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە، بێ ئەوەی سازش لەسەر تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتەکەمان و بەهاکانی گەلەکەمان بکەین".
ئەردۆغان لەبارەی کێشەکانی حکومەتی سووریا و هەسەدە گوتی " کێشەی باکووری سووریا کە یەکێک بوو لە گرنگترین کۆسپەکانی بەردەم پرۆسەکە، بەهۆی بۆچوونی گشتگیرانەی ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری سووریا، تا ڕادەیەکی زۆر چارەسەر کرا. پرۆسەی یەکخستنەوە، سەرەڕای ئەوەی ڕووبەڕووی چەندین لەمپەری جۆراوجۆر بووەوە، سوپاس بۆ خودا بە سەرکەوتوویی جێبەجێ دەکرێت. ئێمەش لە نزیکەوە چاودێریی پرۆسەکە دەکەین و هاوکاریی پێویست پێشکەش دەکەین".
ڕێگریکردن لە ئاژاوەیەکی گەورەی تێوەگلانی کورد
سەبارە بە دۆسیەی ئێرانیش، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی " قەیرانی ئێران سەلماندی ئەم بابەتە نەک تەنیا بۆ وڵات و ناوچەکەمان، بەڵکوو بۆ خوشک و برا کوردەکانیشمان گرنگییەکی چارەنووسسازی هەیە. لە ئەنجامی کەشی ئەرێنی و کەناڵەکانی پەیوەندیی، ڕێگری لە ئاژاوەی گەورەتر کرا کە خوشک و برا کوردەکانیشمان تێیدا زیانمەند دەبوون. لێرەدا تەنیا ئەوەندە بە بەس دەزانم کە بیڵێم: لە داهاتوودا ڕوونتر دەبینرێت وەک تورک، کورد، عەرەب و فارس، چ پیلانێکی خوێناوی و فێڵاوییانەمان پووچەڵ کردووەتەوە. باشتر ڕووندەبێتەوە کە ناوچەکەمان لە لێواری چ کارەساتێک گەڕاوەتەوە".
2 کاتژمێر پێش ئێستا