لوقمان وەردی: پارتی ئامادە نییە دەستبەرداری یەک پۆست ببێت
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، پارتی بەرپرسە لە کارانەبوونەوەی پەرلەمان و دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەوەی کات دەکوژێت یەکێتی نییە
لوقمان وەردی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کەناڵ8 ڕایگەیاند، ئەوەی کات دەکوژێت بۆ پێکنەهێنانی حکومەت یەکێتی نییە، بەڵکو ئەوە پارتییە نایەوێت دان بە واقیعی سیاسیی ئێستادا بنێت.
پارتی دەبێت واز لە عەقڵیەتی تاكڕەویی و خۆسەپێنی بهێنێت
گوتیشی، سەرەڕای یەکسانی ژمارەی کورسییەکانی پارتی و یەکێتی بەڵام ئەو حیزبە ئامادە نییە دەستبەرداری یەک پۆست ببێت. جەختیشی کردەوە، یەکێتی بە کەمتر لە نیوەی حکومەت ڕازی نابێت و پارتی دەبێت واز لە عەقڵیەتی تاكڕەویی و خۆسەپێنی بهێنێت..
یەکێتی ئامادەی گفتوگۆیە
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەشڵێت، یەکێتی هەمووکات ئامادەی گفتوگۆیە و ئەو ئامادەییەشی پیشانداوە.
لە ماوەی 20 ساڵدا 18 ساڵە سەرۆکی حکومەت لای پارتییە
لوقمان وەردی ئاماژە بەوە دەکات، لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا 18 ساڵە سەرۆکی حکومەت لای پارتییە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان 20 ساڵە لای پارتییە ئەوە جگە لەوەی 20 ساڵە وەزارەتی ناوخۆ لای پارتییە بۆیە چیدیکە سەرکردایەتیی یەکێتی بەوە ڕازی نابێت و هاوبەشی ڕاستەقینەی دەوێت لەدەسەڵاتدا.
3 کاتژمێر پێش ئێستا