کۆمپانیا بیانییەکان دەستیان بە بەرهەمهێنانى نەوت لە هەرێمى کوردستان کردەوە
گوتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، کۆمپانیا بیانییە نەوتییەکان دەستیان بەهەرهەمهێنانى نەوت لە کێڵگەکانى هەرێمى کوردستان کردەوە، دەڵێت ژمارەیەک کۆمپانیا کاتیان پێویستە چونکە بەهۆى هێرشە درۆنییەکانەوە زیان بە کێڵگە نەوتییەکان کەوتووە.
کۆمپانیاى ئێچ کەی ئێن دەستی بە بەرهەمهێنان کردەوە
پێشەوا هەورامانى گوتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، کۆمپانیاى ئێچ کەی ئێن بەبڕی حەوت هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دەستیان بە بەرهەمهێنان کردووەتەوە و ڕۆژى یەکشەممەی داهاتوو لە کێڵگەی ئەتروش هەمان کۆمپانیا دەست بە بەرهەمهێنان دەکاتەوە.
دواین کۆمپانیا ڕۆژی هەشتی تەمموز بەرهەمهێنان دەستپێدەکەنەوە
گوتەبێژى حکومەت دەڵێت، " لەشێخان ئەمڕۆ کۆمپانیاى گۆڵف کیستۆن دەستی بە بەرهەمهێنان کردووە، بەڵام لە تاوکێ و پێشخابور کە کۆمپانیاى دی ئێن ئۆ کارى تێدا دەکات، ڕۆژی هەینی دەست بە بەرهەمهێنان دەکەنەوە و دوایین کۆمپانیا کە هەنت ئۆیڵە لە هەشتی مانگی تەمموز دەستدەکاتەوە بە بەرهەمهێنان.
بەشێک لە کێڵگەکان زیانی زۆریان بەرکەوتووە
لەبارەى جیاوازى لە کاتى بەرهەمهێنانى نەوت لە کێڵگەکان، پێشەوا هەورامانى دەڵێت، " لە هێرشەکانی ڕابردوو بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان زیانێکی زۆرییان بەرکەوتبوو لەبەر ئەوە بەشێکییان کارکردنییان کەمێک کاتی پێوست بووە چونکە پێویستییان بە ئامادەسازی و نۆژەنکردنەوەی شوێنە زیانلێکەوتووەکان هەبووە.
لەگەڵ هێرشى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و هێرشى گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هەرێمى کوردستان، کۆمپانیا بیانییەکان بەرهەمهێنانی نەوتیان ڕاگرت، بۆ جارێکى دیکە بەرهەمهێنانەوە داواى گرەنتى ئەمنییان دەکرد و لەکۆبوونەوەیان لەگەڵ عەلى زەیدى سەرۆکوەزیرانى عێراق گرەنتى بە کۆمپانیاکان درا کە میکانیزمى نوێ بۆ پاراستنى ئاسایش و سەقامگیرییان دەگیرێتەبەر.
3 کاتژمێر پێش ئێستا