هەرێمی کوردستان دەیەوێت بەگوێرەی "تەرازووی پێداچوونەوە" داهات ڕادەستی بەغداد بکات

رێبوار حەمەوەیس 4 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵدەدات مەرجی ناردنی 120 ملیار دینار لە پرۆسەی دابینکردنی مووچەدا لابدات و تەنیا پابەند بێت بە ڕادەستکردنی نیوەی داهاتی ڕاستەقینەی ناوخۆ بۆ حکومەتی فیدراڵ.

گفتوگۆ لەگەڵ عەلی زەیدی بۆ چارەسەری کێشەی داهات

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ 8ـی ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق. ئامانجی ئەم گفتوگۆیانە ئەوەیە کە ناردنی بڕی 120 ملیار دینار نەکرێتە مەرج بۆ ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیران. هەرێم داوا دەکات ئەگەر بڕێکی کەمتر لەو پارەیە ڕادەست کرا، حکومەتی فیدراڵ تەواوکارییەکە لە بودجەی مووچە نەبڕێت.

پێشنیازی ڕادەستکردنی داهات بەپێی تەرازووی پێداچوونەوە

حکومەتی هەرێم ئامادەیی نیشانداوە کە نیوەی داهاتی نانەوتی ڕادەستی بەغداد بکات، بەڵام بەو مەرجەی بڕەکە بەپێی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە دیاری بکرێت نەک بڕێکی جێگیر. ئەم پێشنیازە دوای ئەوە دێت کە لە مانگی ڕابردوودا هەرێم 50 ملیار دیناری نارد، بەڵام بەغداد 70 ملیار دیناری لە مووچە بڕی، ئەمەش کێشەی بۆ ئەو توێژانە دروست کرد کە مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت.

کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست

بەپێی بەدواداچوونەکانی کەناڵ 8، پرسی داهاتی ناوخۆ ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی 75,000 مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەستەوە هەیە. مووچەی ئەم توێژە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابین ناکرێت و حکومەتی هەرێم مانگانە نزیکەی 45 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ بۆ مووچەکانیان تەرخان دەکات. بڕینی هەر بڕە پارەیەک لەلایەن بەغدادەوە بە پاساوی نەناردنی 120 ملیار دینارەکە، مەترسی جیدی لەسەر مووچەی ئەم فەرمانبەرانە دروست دەکات.

هەوڵەکان بۆ ڕێگریکردن لە بڕینی تەمویلی مووچە

حکومەتی هەرێم جەخت لەوە دەکاتەوە کە داهاتە نانەوتییەکان بەهۆی ڕێکارە نوێیەکانەوە کەمبوونەتەوە، بۆیە داوا دەکەن بەغداد واقیع بینانە مامەڵە لەگەڵ ژمارەکان بکات. هەوڵەکان بۆ ئەوەن کە بۆ مووچەی مانگی حوزەیران چیتر هاووڵاتییان و فەرمانبەران نەبنە قوربانیی جیاوازیی نێوان داهاتی خەمڵێنراو (120 ملیار) و داهاتی ڕاستەقینەی ناوخۆ.

رێبوار حەمەوەیس

4 کاتژمێر پێش ئێستا