بە سێ ڕێگە کار بۆ پاراستنی کۆمپانیا نەوتییەکان دەکرێت

ئارام قەرەداغی 4 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێک لە کێڵگەی نەوتی شێخان، کە کۆمپانیای گەڵف کیستۆن  کاری تیادا دەکات
دیمەنێک لە کێڵگەی نەوتی شێخان، کە کۆمپانیای گەڵف کیستۆن کاری تیادا دەکات

کۆمپانیا بیانییە نەوتییەکان دوای وەرگرتنی گرەنتیی ئەمنی بۆ پاراستنی کێڵگەکان دەستیان بە بەرهەمهێنان کردووەتەوە و پلانێکی نوێ بۆ ڕێگری لە هێرشە درۆنییەکان جێبەجێ دەکرێت.

گرەنتییەکانی حکومەتی فیدراڵ بۆ ڕێگری لە هێرشەکان

بەگوێرەی بەدواداچوونەکان، یەکێک لە ڕێگە سەرەکییەکان بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، پێدانی گرەنتییە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە. بەغداد بەڵێنی داوە ڕێگری لەو هێرشە درۆنییانە بکات کە لەو ناوچانەوە ئاراستە دەکرێن کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵدان، تاوەکو کۆمپانیا بیانییەکان لە ژینگەیەکی ئارامدا کارەکانیان ئەنجام بدەن.

سیستمی بەرگریی کۆمپانیاکان و هێزی هاوبەش

جگە لە گرەنتییەکانی بەغداد، دوو ڕێگەی دیکە بۆ پاراستنی کێڵگەکان خراونەتە ڕوو. یەکەمیان بریتییە لە ڕێگەدان بە کۆمپانیا نەوتییەکان تاوەکو خودی خۆیان سیستمی بەرگری و خۆپارێزی لەناو کێڵگەکاندا دابین بکەن. ڕێگەی دووەمیش پێکهێنانی هێزێکی ئەمنیی هاوبەشە لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئەرکی سەرەکییان پارێزگاریکردن دەبێت لە کۆمپانیاکان و دامەزراوە نەوتییەکان.

کۆمپانیا وەبەرهێنەکان و ئاستی بەرهەمهێنان

لە ئێستادا 4 کۆمپانیای گەورەی بیانی زۆرینەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنن، کە پێکهاتوون لە (HKN و Hunt Oilـی ئەمریکی، DNOـی نەرویجی و Gulf Keystoneـی بەریتانی). بە دەستپێکردنەوەی کارکردنی ئەم کۆمپانیایانە، پێشبینی دەکرێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش شەڕ، کە ڕۆژانە زیاتر لە 220,000 بەرمیل نەوت بووە.

ئارام قەرەداغی

4 کاتژمێر پێش ئێستا