بوومەلەرزە لە ڤەنزوێلا و ژاپۆن؛ سەدان کوژراو و بریندار و هۆشداریی لە زیادبوونی قوربانییان دەدرێت
دوو بوومەلەرزەی یەک لە دوای یەک بە گوڕی 7.2 و 7.5 پلە کاراکاسی پایتەختی ڤەنزوێلایان هەژاند و بەهۆیانەوە دەیان کەس گیانیان لەدەستدا و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات بوومەلەرزەیەکی دیکە لە ژاپۆن ڕوویدا.
وردەکاریی بوومەلەرزەکانی ڤەنزوێلا
بەگوێرەی ئامارەکانی ناوەندی جیۆلۆجی ئەمریکا، بوومەلەرزەی یەکەم بە گوڕی 7.2 پلە کاتژمێر 6:04ـی ئێوارە بە کاتی ناوخۆیی ڤەنزوێلا ڕوویداوە. تەنیا 39 چرکە دواتر، بوومەلەرزەیەکی بەهێزتر بە گوڕی 7.5 پلە هەمان ناوچەی هەژاندووەتەوە. ناوەندی هەردوو بوومەلەرزەکە لە ویلایەتی یاراکوی بووە و لە قووڵایی نێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە ژێر زەویدا تۆمار کراون، بەڵام بەهۆی بەهێزییەکەیانەوە لە زۆربەی ناوچەکانی دیکەی وڵات هەستیان پێکراوە.
زیانە گیانی و ماددییەکان لە کاراکاس
تاوەکو ئێستا بە فەرمی گیانلەدەستدانی 32 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 700 کەسی دیکە پشتڕاستکراوەتەوە. ناوەندە جیۆلۆجییەکان هۆشداری دەدەن کە ئەگەری هەیە ژمارەی قوربانییان بگاتە هەزاران کەس، چونکە چەندین باڵەخانەی نیشتەجێبوون بەتەواوی ڕووخاون و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیش پچڕاون. تیمەکانی فریاگوزاری لە گەڕەکەکانی ئالتامیرا و لۆس پالۆس گران دێس لە کاراکاس خەریکی گەڕانن بەدوای ڕزگاربوواندا لەژێر داروپەردووی ئەو باڵەخانانەی کە داڕووخاون.
ڕێکارە نائاساییەکانی حکومەتی ڤەنزوێلا
حکومەتی ڤەنزوێلا بۆ ڕێگریکردن لە تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە، هێڵەکانی غازی سروشتی لە کاراکاس بڕیوە و گەشتەکانی میترۆ و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سیمۆن بۆلیڤاری بەتەواوی ڕاگرتووە. بەهۆی زیانە زۆرەکانەوە فڕۆکەخانە سەرەکییەکە داخراوە و سەرجەم گەشتەکان هەڵوەشێندراونەتەوە، هەروەها دەوامی قوتابخانەکانیش بۆ ماوەیەکی نادیار ڕاگیراوە. بەهۆی ئەوەی ڕووداوەکە لە ڕۆژێکی پشووی فەرمیدا بووە (یادی شەڕی کارابۆبۆ)، زۆربەی خەڵک لە ماڵەکانیاندا بوون و تاوەکو درەنگانی شەو لە ترسی پاشکۆکانی بوومەلەرزەکە لە شەقامەکاندا ماونەتەوە.
ڕوودانی بوومەلەرزە لە ژاپۆن
هاوکات لەگەڵ ڕووداوەکەی ڤەنزوێلا، بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 7.9 پلە لە کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ئیواتێ لە باکووری ژاپۆن ڕوویدا. ناوەندی بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 50 کیلۆمەتردا بووە و بووەتە هۆی برینداربوونی 4 کەس. دەزگای کەشناسیی ژاپۆن ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای بەهێزیی بوومەلەرزەکە، هیچ مەترسییەکی تسونامی بۆ سەر کەناراوەکانی ئەو وڵاتە لە ئارادا نییە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا