چەند زانیارییەک لەسەر گرێی چەورییەڕژێنی چاو

سەروەر سالار 3 کاتژمێر پێش ئێستا
وێنەی گرێی چاو بەهۆی گیرانی بۆری چەورییە ڕژێنی چاوەوە
وێنەی گرێی چاو بەهۆی گیرانی بۆری چەورییە ڕژێنی چاوەوە

زۆرجار بەیانیان لە خەو هەڵدەستیت و دەبینیت گرێیەکی بچووکی بێ ئازار یان کەمێک توند لەسەر پێڵووی سەرەوە یان خوارەوەی چاوت دروستبووە، بۆچی دروست دەبێت؟،  د. شۆخ وەهاب، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەریی چاو، لە بڵاوکراوەیەکدا وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە.

گرێی چەورییەڕژێنی چاو چۆن دروست دەبێت؟

لەناو پێڵووی چاودا چەندین ڕژێنی بچووک هەن کە چەورییەکی سروشتی دەردەکەن بۆ ئەوەی چاو بە شێداری  بهێڵنەوە و فرمێسک زوو وشک نەبێتەوە. کاتێک دەرچەی دەرچوونی یەکێک لەم ڕژێنانە بەهۆی کۆبوونەوەی چەوریی وشکبووەوە دەگیرێت، چەورییەکە لە ناوەوەیدا قەتیس دەمێنێت و دەبێتەهۆی دروستبوونی گرێیەکی بچووک.

چارەسەرەکانی دروستبوونی گرێی چەورییەڕژێنی چاو چین؟

زۆربەی کات بە شێوازێکی سادە ئەو گرێ بچووکانەی بەهۆی گیرانی ڕژێنی چەوریی چاوەوە دروست دەبن لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا نامێنن، باوترین چارەسەرەکانی بریتین لە:

  1. دەستەسڕێکی پاک یان لۆکە بخەرە ناو ئاوی گەرم (نەک زۆر داغ ببێت) و ڕۆژی سێ بۆ چوار جار، هەر جارێک بۆ ماوەی 10 خولەک بیخەرە سەر چاوەکە. ئەمە یارمەتی نەرمکردنەوەی چەورییەكە دەدات بۆ ئەوەی بێتە دەرەوە
  2. شێلانی نەرم: زۆر بە نەرمی پڵووی چاوەکە بەرەو ئاڕاستەی برژانگەکان بشێلرێت، تاوەکو ڕێڕەوی دەرچوونی چەورییەڕژێنەکە بکرێتەوە
  3. هەرگیز گرێی چەورییەڕژێنی چاو نەگوشرێت: بە هیچ شێوەیەک نابێت وەک زیپکە فشار لە گرێی چەورییەڕژێنی چاو بکرێت، چونکە زیان بە چاوەکە دەگات، ئەگەر گرێکە قەبارەکەی گەورەتر بوو، یان کاریگەریی کردە سەر توانای بینینی کەسەکە، پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕی چاو بکرێت، بۆ پێدانی چارەسەری تایبەت، یان لە حاڵەتی پێویستدا بە نەشتەرگەرییەکی زۆر بچووک و ئاسان لە چەند خولەکێکدا گرێکە لادەبرێت
سەروەر سالار

3 کاتژمێر پێش ئێستا