سوپای پاسداران: تێپەڕبوون بە گەرووی هوورمز بێ ئاگاداری ئێمە وەڵامی توندی دەبێت

سامیا حەسەن 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دوو بەلەمی هەڵگری مووشەکی سەر بە سوپای پاسداران لە ئاوەکانی کەنداو و نزیک گەرووی هورمز
دوو بەلەمی هەڵگری مووشەکی سەر بە سوپای پاسداران لە ئاوەکانی کەنداو و نزیک گەرووی هورمز

سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداریی توند دەداتە کەشتییە بازرگانی و نەوتییەکان و ڕایدەگەیەنێت، کردنەوەی هەر ڕێڕەوێکی نوێ لە گەرووی هوورمز بێ هەماهەنگی ئەوان، دەرئەنجامی خراپی دەبێت.

ڕەتکردنەوەی ڕێڕەوی نوێی ئاوی

سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیێنراوێکدا هۆشداریی داوە کە کردنەوەی ڕێڕەوێکی نوێی ئاوی لە گەرووی هوورمز لەلایەن هەندێک هێزەوە بەبێ ئاگاداری تاران، جێگەی قبوڵ نییە. سوپای پاسداران دەڵێت، تێپەڕبوونی کەشتییەکان لەو ڕێڕەوە نوێیانەی کە هێزە ئێرانییەکان ئاگاداری نین، وەک پێشێلکاریی ئەمنی دەبینرێت و وەڵامی توندی بۆ هەر هەوڵێکی لەو شێوەیە دەبێت.

مەرجەکانی تێپەڕبوون لە گەرووەکە

بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکە، هەر کەشتییەک بیەوێت بە گەرووی هوورمزدا تێپەڕێت، دەبێت تەنیا ئەو ڕێڕەوانە بەکاربهێنێت کە هێزە دەریاییەکانی ئێران دیارییان کردووە. سوپای پاسداران جەخت دەکاتەوە کە هەماهەنگی و ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی هێزە ئێرانییەکان مەرجی سەرەکییە بۆ تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییە بازرگانی و نەوتییەکان، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی مامەڵەی توند دەبنەوە.

یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن و گرژییەکانی ناوچەکە

ئەم هەڵوێستە نوێیەی ئێران لە کاتێکدایە کە پێشتر لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتن، لە خاڵی 5ـەمدا ئاماژە بەوە کرابوو کە ئێران هەوڵەکانی دەخاتەگەڕ بۆ دەستەبەرکردنی تێپەڕبوونی سەلامەت و بێبەرامبەری کەشتییەکان. هەرچەندە ئێران گەرووەکەی کردەوە، بەڵام ئێستا دەڵێت بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، خاڵی 1ـی یاداشتنامەکە پێشێل کراوە، بۆیە هەڕەشەی دووبارە داخستنەوەی گەرووەکە دەکات تا ئەو کاتەی هێرشەکان ڕادەگیرێن.

سامیا حەسەن

2 کاتژمێر پێش ئێستا