قڵیش و درزی کۆم چین و چۆن چارەسەر دەکرێن؟

سەروەر سالار 2 کاتژمێر پێش ئێستا
قڵیشی کۆم
قڵیشی کۆم

د. محەممەد بەرزنجی، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی، چەند زانیارییەک لەسەر قڵیش، درزی کۆم و چۆنیەتیی جیاکردنەوەیان لە مایەسیری دەخاتەڕوو.

قڵیشی کۆم چییە؟

قڵیشی کۆم بریتییە له دروست بوونی درزی بچووک لە ناوپۆشی کۆتایی کۆم و دەرەچەی کۆم، دەبێتەهۆی درووستبوونی ئازار و ناڕەحەتیەکی زۆر بۆ چارەخوازەکە.

زۆربه‌ی‌ درزه‌كانی کۆم ‌ له‌ناوه‌ڕاستی‌ پشته‌وه‌ی‌ كۆمدا دروست دەبن، ڕێژه‌یه‌كی‌ كه‌میان له ‌ناوه‌ڕاستی‌ پێشه‌وه‌ی‌ كۆمدا دروست دەبن، به‌تایبه‌تی‌ له‌ خانماندا، دروستبوونی درزی کۆم له‌هه‌موو ته‌مه‌نێكدا ده‌بینرێت، به‌ڵام زیاتر له‌گه‌نجی‌ تەمەن نێوان 15- 30 ساڵاندا زۆرترە.

نیشانەکانی بوونی قڵیشی کۆم چین؟

نیشانەکانی بوونی قڵیشی کۆم بریتین لە:

  1. بوونی ئازارێکی زۆر لەکاتی پیسایکردن و دوای پیسایکردن، زۆرجار وا  لە چارەخوازەکە دەکات ترسی هەبێت لەچوونە تەوالێت ( بوونی ئەم ئازارەش یەکێکە لە خاڵە جیاکەرەوە گرنگەکانی قڵیشی کۆم لە مایسیری)، چونکە مایەسیری ئازاری نییە و قڵیشی کۆم ئازاری هەیە
  2. بوونی خوێنی ڕەنگ گەش لەکاتی پیسایکردن و دوای پیسایکردن
  3. دروست بوونی پێستی زیادە لە کۆتای قڵیشەکەوە لەدەرچەی کۆمدا
  4. قڵیشی کۆم هەندێجار ئەگەر درێژە بکێشێت ڕەنگە خوران و دەردانی کێمی لەگەڵدا بێت، یان ببێتەهۆی  دروستبوونی دومەڵ

هۆکارەکانی قڵیشان و دروستبوونی درزی کۆم چین؟

باوترین هۆکارەکانی قڵیشان و دروستبوونی درزی کۆم بریتین لە:

  1. قەبزی درێژخایەن و مانەوەی زۆر لەتەوالێت
  2. هەوکردنی درێژخایەنی کۆڵۆن و کۆم

قڵیش و درزی کۆم چۆن دەستنیشان دەکرێت؟

بوونی نیشانەکان و پشکنینی کۆم لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە زۆربەی کات نەخۆشییەکە دەستنیشان دەکات، لەهەندێک حاڵەتدا پێویست دەکات پشکنینی ناوبینیی کۆڵۆن ئەنجام بدرێت.

چارەسەرەکانی قڵیش و درزی کۆم چین؟

چارەسەری قڵیشی کۆم بەپێی جۆری قڵیشەکە دەگۆڕێت:

  1. قلیشی لەناکاو یان کورتخایەن: ئەم قڵیشە چەند ڕۆژێک بۆ چەند هەفتەیەک دەخایەنێت، ئاسان چارەسەر دەکرێت، ئەگەر زوو سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت، ئەویش بەچەند رێگەیەک دەبێت، لەوانە: چارەسەرکردنی قەبزی، کەمکردنەوەی کاتی مانەوە لەتەوالێت، بەکارهێنانی دەرمان، کرێم، (مەرهەمی تایبەت بە ئازار و هەوکردن) و خاوکردنەوەی دەرەچەی کۆم
  2. قڵیشی درێژخایەن: ئەگەر قڵیشی کۆم زیاتر لە هەشت هەفتەی خایاند ئەوە دەبێتەهۆی دروستبوونی قڵیشی درێژخایەن، زۆرجار پێویستە بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری چارەسەر بکرێت
سەروەر سالار

2 کاتژمێر پێش ئێستا