وەزارەتی دارایی: بەغداد لە 7 ساڵی ڕابردوودا تەنیا 42%ـی پشکی هەرێمی ڕەوانە کردووە

جەبار حسین 2 کاتژمێر پێش ئێستا
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان

ئامارە نوێیەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان نیشانی دەدەن کە حکومەتی فیدراڵ لە ماوەی 7 ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 48 ترلیۆن دیناری لە شایستە داراییەکانی هەرێم بڕیوە و تەنیا پشکی مووچەی ڕەوانە کردووە.

ئاماری پشکی هەرێم لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2025

بەپێی ئەو داتایانەی لە پەرتووکی کار و چالاکییەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستاندا بڵاوکراونەتەوە، لە ماوەی 7 ساڵی ڕابردوودا کۆی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراقدا (دوای دەرکردنی خەرجییە سیادییەکان و حاکیمە) بڕی زیاتر لە 79 ترلیۆن دینار بووە. لەو بڕە پارەیە، حکومەتی فیدراڵ تەنیا 33 ترلیۆن دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە کە تەرخانکراوە بۆ مووچەی فەرمانبەران.

بڕینی شایستە داراییەکان و کورتهێنانی بودجە

داتاکان ئاشکرای دەکەن کە حکومەتی فیدراڵی عێراق تەنیا 42%ـی ئەو پشکەی ڕەوانە کردووە کە بەگوێرەی یاسا بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکرابوو. بەم پێیەش لە ماوەی 7 ساڵدا بڕی زیاتر لە 48 ترلیۆن دینار لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بڕدراوە و ڕەوانە نەکراوە، ئەمەش فشارێکی دارایی زۆری لەسەر دامودەزگاکانی هەرێم دروست کردووە.

پەککەوتنی خەرجییەکانی وەبەرهێنان و بەکارخستن

یەکێکی دیکە لە کێشە داراییەکان ئەوەیە کە حکومەتی فیدراڵ لە ماوەی ئەو 7 ساڵەدا، هیچ بڕە پارەیەکی بۆ خەرجییەکانی بەکارخستن و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکردووە. ئەمەش وایکردووە تەواوی ئەو بڕە پارەیەی کە نێردراوە تەنیا بۆ مووچەی فەرمانبەران بێت و پڕۆژە خزمەتگوزاری و وەبەرهێنانەکان لە پشکی بودجەی فیدراڵییەوە بێبەش بکرێن.

جەبار حسین

2 کاتژمێر پێش ئێستا