نە کارەبای نیشتمانی و نە مۆلیدە؛ تاریکی باڵی بەسەر بەشێکی زۆری هەولێردا کێشاوە

جەبار حسین 2 کاتژمێر پێش ئێستا
چەند دیمەنێک لە شەوەزەنگ و دۆخی بێ کارەبایی لە بەحرکە و سێبیرانی هەولێر
چەند دیمەنێک لە شەوەزەنگ و دۆخی بێ کارەبایی لە بەحرکە و سێبیرانی هەولێر

لەکاتێکدا پلەکانی گەرما ڕوو لە هەڵکشانن، قەیرانی کارەبا لە هەولێر قووڵتر دەبێتەوە و بەشێک لە گەڕەکەکان و پڕۆژەی ڕووناکی بەتەواوی بێکارەبا بوون و حکومەتیش وەڵامی نییە.

ماوەی 2 هەفتەیە کێشەکە بەردەوامە

زیاتر لە 2 هەفتەیە دانیشتووانی هەولێر و دەوروبەری ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بوونەتەوە. سەرەڕای ئەوەی لە هەندێک گەڕەک پێدانی کارەبا تا ڕادەیەک زیادی کردووە، بەڵام لە چەند گەڕەکێکی دیکە کێشەکە سەرە هەڵداوەتەوە و لە سەنتەری شاردا مۆلیدە ئەهلییەکان کەمبوونەوەکە پڕ دەکەنەوە.

جیاوازی لە دابەشکردنی کارەبا هەیە

لە گەڕەکەکانی هەولێری نوێ، گوڵان و برایەتی بڕی پێدانی کارەبای نیشتمانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە. بەپێی زانیارییەکان جیاوازییەکی زۆر لە دابەشکردنی کارەبا لەنێوان گەڕەکەکانی ناو شاری هەولێردا بەدی دەکرێت.

پڕۆژەی ڕووناکی و قەزاکان بێکارەبان

ئەو گوندانەی سنووری پارێزگای هەولێر کە بەشدارییان لە پڕۆژەی ڕووناکی کردووە، لە ئێستادا کارەبایان نییە. هاوکات لە قەزا و ناحیەکانی قوشتەپە، سێبیران، بەحرکە، دارەتوو و بنەسڵاوە بەهۆی نەبوونی کارەبای نیشتمانی و مۆلیدەی ئەهلی، دانیشتووانەکەی تووشی گرفتی گەورە بوونەتەوە.

وەزارەتی کارەبا وەڵامی پەیوەندییەکان ناداتەوە

بەرپرسانی حکومەت و وەزارەتی کارەبا خۆیان لە وەڵامدانەوەی هاونیشتمانییان و ڕۆژنامەنووسان دەپارێزن. پڕۆژەی ڕووناکی هیچ ئۆفیسێکی لە هەولێر نییە تاوەکو هاوبەشان لەکاتی بوونی کێشەدا سەردانی بکەن، هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمیش وەڵامی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان ناداتەوە.

هۆکاری کەمبوونەوەی کارەبا بەپێی وەزارەت

لە 6ی حوزەیراندا، وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاندبوو کە بەهۆی گرفتێکی تەکنیکی و پرۆسەی چاککردنەوە لە چەند یەکەیەکی وێستگە غازییەکان، بەرهەمهێنانی کارەبا کەمی کردووە. هەرچەندە ئاماژە بەوە کرابوو کە تیمەکان خەریکی چارەسەرکردنی کێشەکەن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا کێشەکە بەردەوامی هەیە.

جەبار حسین

2 کاتژمێر پێش ئێستا