کەرکووک: هەفتەی داهاتوو وەرگرتنی گەنمی دەرەوەی پلان دەستپێدەکات
بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سایلۆکانی کەرکووک دەرگایان بەڕووی ئەو جووتیارانەدا بکەنەوە کە بەرهەمەکانیان لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵییە و نرخێکی تایبەتیشیان بۆ دیاریکراوە.
389 هەزار تۆن گەنم وەردەگیرێت
لەسەرەتای هەفتەی داهاتووەوە لە سایلۆی کەرکووک، دەستدەکرێت بە وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی ئەو زەوییانەی لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵیین. تاوەکو ئێستا بە فەرمی 389 هەزار تۆن گەنم لە دەرەوەی پلان بۆ وەرگرتن تۆمارکراوە و ڕێکارە کارگێڕییەکان بۆ ئەو مەبەستە تەواو کراون.
لیژنە مەیدانییەکان وردبینییان کردووە
بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی کەرکووک ڕایگەیاندووە، لە 3 ڕۆژی ڕابردوودا هۆبەی کشتوکاڵ و چەند لیژنەیەک سەردانی مەیدانیی ئەو جووتیارانەیان کردووە کە بەرهەمی دەرەوەی پلانیان هەیە. پاش تۆمارکردنی زانیارییەکان، سەرجەم لیستەکان ڕەوانەی سایلۆی کەرکووک کراون تاوەکو لە کاتی وەرگرتنی گەنمەکەدا گرفتیان بۆ دروست نەبێت.
600 هەزار دۆنم زەوی لە دەرەوەی پلانە
کۆی گشتی ڕووبەری ئەو زەوییانەی لە سنووری پارێزگای کەرکووک لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵیین، بە 600 هەزار دۆنم دەخەمڵێنرێن. جووتیاران ساڵانە ئەم زەوییانە بە گەنم، جۆ و گەنمەشامی دادەچێنن، بەڵام بەهۆی کێشەی موڵکدارییەوە حکومەت بەرهەمەکانیان بەبێ پلان هەژمار دەکات و ناخرێنە چوارچێوەی پلانی فەرمییەوە.
نرخی وەرگرتنی گەنم دیاریکراوە
ئەو جوتیارانەی زەوییەکانیان لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵییە، دەتوانن لە سایلۆی کەرکووک بەرهەمەکانیان ڕادەستبکەن، بەڵام نرخەکەی جیاوازە. بۆ هەر تۆنێک گەنمی دەرەوەی پلان، بڕی 500 هەزار دینار بە جووتیاران دەدرێت، لە کاتێکدا گەنمی ناو پلان بە نرخێکی بەرزتر وەردەگیرێت.
پێشبینییەکان بۆ بەرهەمی ئەمساڵ
پاش دەستپێکردنی وەرزی بەبازاڕکردن، ڕۆژانە بەگشتی 18 هەزار تۆن گەنم لە سایلۆی کەرکووک وەردەگیرێت. پێشبینی دەکرێت کۆی بەرهەمی گەنمی پارێزگاکە لەمساڵدا بگاتە زیاتر لە 500 هەزار تۆن. ئەمەش لەکاتێکدایە لە وەرزی 2025 نرخەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە؛ ساڵی ڕابردوو گەنمی پلە یەک بە 850 هەزار دینار وەرگیرا، بەڵام ئەمساڵ نرخەکەی بۆ 700 هەزار دینار کەمکراوەتەوە.
4 کاتژمێر پێش ئێستا