سووريا هێزێکی زۆری بردووەتە سەر سنوورەکانی لوبنان
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای دەکات کە حکومەتی کاتیی سووریا هێزێکی زۆری سەربازی و چەکی قورسی بەرەو سنوورەکانی لوبنان گواستووەتەوە. ئەم پێشهاتە دوای لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت کە پێشنیازی کردبوو سووریا شەڕی حیزبوڵا بکات، لە بەرامبەریشدا ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر ڕایگەیاندووە کە لێدوانەکەی ترەمپ بە هەڵە لێکدانەوەی بۆ کراوە.
ناردنی هێزی سەربازی بۆ سەر سنوورەکانی لوبنان
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەبارەی جووڵە سەربازییەکانی سەر سنوور بڵاویکردووەتەوە، حکومەتی کاتیی سووریا ژمارەیەکی زۆر هێزی بردووەتە سەر سنوورەکانی لەگەڵ لوبنان، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا چەند جارێک جەختی لەوە کردەوە، باشترە سووریا شەڕی حیزبوڵای لوبنان بکات.
جۆری ئەو چەک و کەرەستە سەربازییانەی گواستراونەتەوە
بەگوێرەی ڕوانگەکە، ئەو کەلوپەلە سەربازییانەی گواستراونەتەوە بۆ سنوورەکان، بریتی بوون لە چەک و ئۆتۆمبێلی سەربازیی قورس بۆ خاڵە سنوورییەکان، لە گوندەکانی ڕۆژئاوای حومس و گوندەکانی دیمەشق و تەرتوس.
ناوچەکانی چڕبوونەوەی هێزەکان لەسەر سنوور
ڕوانگەی سووری لەبارەی شوێنی جێگیربوونی هێزە نوێیەکان ڕوونیشیکردووەتەوە، ئەو هێزانە لە گوندە سنوورییەکان لە ناوچەکانی قوسەیر و تەلکەڵاخ و هەروەها دەشتی زابادانی و دامێنی قەلەموون چڕبوونەتەوە، هەروەها چالاکیی سەربازی لە نزیک سنووری باکووری لوبنان لە ناوچەی ئەکار بەدیکراوە.
پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕێگەدان بە سووریا
ڕۆژی 16ـی ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەمیانی بەشداریکردنی لە لووتکەی G7 لە فەڕەنسا ڕایگەیاند، "ئیسرائیل ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ حیزبوڵا دەجەنگێت و خەڵکێکی زۆر دەکوژرێن و پێویست ناکات هەر جارێک کە بەدوای کەسێکدا دەگەڕێن، باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون بڕوخێنن، چونکە خەڵکێکی زۆر لەو باڵەخانانەدا هەن و هەموویان حیزبوڵا نین، پێشنیاز بۆ ئیسرائیل دەکەم کە ڕێگە بدات سووریا چارەسەری حیزبوڵا بکات، ئەوان باشتر ئەو کارە دەکەن."
وەڵامی ئەحمەد شەرع بۆ قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا
لە وەڵامی قسەکانی ترەمپدا، ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ نیگەرانە لە دۆخی لوبنان و کار بۆ ڕاگرتنی شەڕ لەو وڵاتە دەکات و ئەو باسی لە ڕۆڵی سووریا کردووە لە گەڕان بەشوێن چارەسەرێکی ئاشتییانە، بەڵام لێدوانەکەی بە هەڵە لێکدانەوەی بۆ کراوە.
ڕۆڵی سووریا لە بەهێزکردنەوەی دەوڵەتی لوبنان
ئەحمەد شەرع لەبارەی شێوازی پشتبەستن بە سووریا ڕوونیکردەوە، دەکرێت لە چارەسەری ئەرێنیدا پشت بە سووریا ببەسترێت لە ڕێگەی سەرلەنوێ پاڵپشتیکردنی دەوڵەتی لوبنان و بەهێزکردنەوەی دامەزراوە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە.
مێژووی بەریەککەوتنی سەربازیی نێوان سووریا و لوبنان
سووریا و حیزبوڵا مێژووی بەریەککەوتنیان هەیە لە خاکەکانی یەکدیدا، سوپای سووریا لە مانگی ئایاری ساڵی 1976ـەوە تاوەکو ساڵی 2005 بە فەرمی لەناو خاکی لوبناندابوون.
ململانێی مێژوویی حیزبوڵا و ئۆپۆزسیۆنی پێشووی سووریا
ساڵی 2011 و کاتی شەڕی ناوخۆی سووریا گرووپی چەکداریی حیزبوڵا وەک لایەنگری بەشار ئەسەد هاتنە ناو خاکی سووریا، ساڵی 2014 ڕووبەڕووی شەڕێکی سەخت بوونەوە لەگەڵ بەرەی نوسرەی ئەوکاتە لە ناوچەی قوسەیر لە شاری حومسی سەر سنووری لوبنان و سووریا کە ئەوکاتە ئەو گرووپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنی سووریا بوون و ئەو گرووپەن کە ئێستا ڕابەرایەتی سووریای نوێ دەکەن، حیزبوڵا ساڵی 2024 و دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە خاکی ئەو وڵاتە کشایەوە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا