زانیاریی کەناڵ8: نازانرێت 50 هەزار بەرمیل نەوت بە چ پێوەرێک دەدرێت بە کار و لاناز

کیژان مەحمود 3 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی پاڵاوگەی کار و پاڵاوگەی لاناز
لۆگۆی پاڵاوگەی کار و پاڵاوگەی لاناز

زانیارییەکانی کەناڵ8 ئاشکرای دەکەن کە وردەکاری و پێوەری پێدانی 50 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە پاڵاوگەکانی کار و لاناز بۆ حکومەتی هەرێم ڕوون نییە. هاوکات لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغداد، کۆمپانیایەکی بەریتانی ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی بۆ دیاریکردنی تێچووی دەرهێنانی نەوت بەپێی تایبەتمەندیی کێڵگەکان ئامادە کردووە و چیتر نرخی جێگیری 16 دۆلار کار پێناکرێت.

نادیاریی پێوەرەکانی پێدانی نەوت بە ناوخۆ

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8 لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا نازانرێت ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەی بۆ پێداویستیی ناوخۆ دابین دەکرێت، بە چ پێوەرێک دەدرێت بە کۆمپانیاکانی کار و لاناز و داهاتەکەی چی لێدێت.

بێئاگایی وەزارەتی دارایی لە وردەکاریی دۆسێیەکە

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاگاداری وردەکاریی پێدانی 50 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە کار و لاناز نین و تەنیا ئەوانە دەزانن کە خاوەندارێتی دەکەن.

ڕاپۆرتی کۆمپانیایەکی بەریتانی لەسەر تێچووی نەوت

سەبارەت بە نەوتیش سەرچاوەکەی کەناڵ8 لە ئەنجوومەنی وەزیران باسی لەوەکرد، ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد وەک خۆی بەردەوامە، ئەو کۆمپانیایەشی دیاریکراوە وردەکاری تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دیاری بکات، کۆمپانیایەکی بەریتانییە و ڕاپۆرتەکەی ئامادەکردووە لە قۆناغی کۆتاییدایە.

گۆڕانکاری لە سیستمی ئەژمارکردنی تێچووی دەرهێنان

ئەو سەرچاوەیەی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی گۆڕانکارییەکانی نرخی تێچووی نەوت ڕایگەیاند، بەگوێرەی کۆمپانیاکە، بابەتی تەرخانکردنی 16 دۆلار وەک تێچووی هەر بەرمیلێک نامێنێت و هەر کێڵگەیەک بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە پارەی تێچووی دەرهێنانی نەوتی بۆ دادەنرێت.

کیژان مەحمود

3 کاتژمێر پێش ئێستا