ئەمریکا ڕێوشوێنەکانی سەر هەڵبژاردەی ئێرانی سووککرد
لە دوو یاریی پێشووی ئێران لە مۆندیالدا، حکومەتی ئەمریکا ڕێوشوێنی تووندی بەسەر هەڵبژاردەی ئێراندا سەپاندبوو، کە دەبوو تەنیا ئەو ڕۆژە بێنە ناو خاکی ئەمریکاوە کە یارییان هەیە و دوای یارییەکەش ڕاستەوخۆ بگەڕێنەوە بۆ مەکسیک، بەڵام ئێستا لە پێشهاتێکی نوێدا ڕێگەیان پێدەدات دوو ڕۆژ بەر لە یارییەکان بێن بۆ ئەمریکا و ئەم گۆڕانکارییەش لە یاریی داهاتووی ئێران لەگەڵ میسڕ دەستپێدەکات، کە بڕیارە ڕۆژی 27ـی ئەم مانگە لە یاریگای لومیند فیڵد لە شاری سیاتڵ، لە ویلایەتی واشنتن بکرێت.
وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، سنووردارکردنەکان لەسەر هەڵبژاردەی ئێران بۆ بەشداریکردن لە مۆندیال سووک دەکات و دەتوانن دوو ڕۆژ بەر لە ئەنجامدانی یارییەکان بێنە ناو ئەمریکاوە، بەڵام هێشتا پێویستە دوای تەواوبوونی یارییەکان ڕاستەوخۆ بگەڕێنەوە بۆ مەکسیک.
گوتەبێژی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران پشتڕاستیکردەوە، هەڵبژاردەکەیان کەمپی مەشق و ڕاهێنانەکانی لە شاری تیخوانای مەکسیکەوە بەرەو شاری سیاتڵ بەجێدەهێڵێت.
ئەندرۆ جولیانی، بەڕێوبەری جێبەجێکاری تیمی فیفا لە کۆشکی سپی بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی ڕاگەیاندووە، ئەم ڕێوشوێنە هەر لە سەرەتاوە پلانی بۆ دانرابوو، بڕیاربوو چاودێریی دوو گەشتی یەکەمی هەڵبژاردەی ئێران بکەن، ئەگەر کارەکان بەبێ کێشە و بە ئاسانی بەڕێوەچوون، ئەوکات ئەو ڕۆژە زیادە بۆ مانەوەیان درێژ دەکەنەوە.
هەڵبژاردەی ئێران چەندینجار گلەیی لەو ڕێوشوێنانە کردوووە و دەیانگوت، ئەو گەشتە دوور و درێژانە ماندوویان دەکات و لە تواناکانیان دەبات، لە مانگی ئازاری ڕابردووشدا هەڵبژاردەی ئێران هەوڵیدا یارییەکانیان لە قۆناغی کۆمەڵەکانی مۆندیالدا بگوازێتەوە بۆ مەکسیک کە پەیوەندی دیپلۆماسییان لەگەڵدا هەیە، بەڵام فیفا ئەو داوایەی ڕەتکردەوە، دواتریش زۆرێک لە بەرپرسانی هەڵبژاردەکە و ئەندامانی ستافی ڕاهێنەرایەتی ڕێگرییان لێکرا بێنە ناو ئەمریکاوە.
لە دوو یاریی یەکەمی ئێراندا، کە لە نزیک لۆس ئەنجلس بەڕێوەچوون، تەنیا ڕۆژێک پێشوەخت ڕێگە بە هەڵبژاردەی ئێران درا بێت بۆ ئەمریکا.
ئەمیر قەلعەنوویی، ڕاهێنەری ئێران چەندینجار باسی لەوە کردبوو کە ئەو سنووردارکردنانە زیانیان بە هەڵبژاردەکەی گەیاندووە، بە گوتەی ئەو هەر ئەوەش هۆکاری یەکسانبوونیان بوو بەرامبەر بە نیوزلەندا و بەلجیکا.
2 کاتژمێر پێش ئێستا