زانیاریی کەناڵ8: ناکۆکیی قووڵ لەنێوان هەولێر و بەغدا لەسەر جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا هەیە
سەرڕای لێدوانە فەرمییەکان لەبارەی بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر سیستمی گومرگیی ئەسیکۆدا، زانیارییەکانی کەناڵ8 ئاشکرای دەکەن کە ناکۆکیی قووڵ لەسەر نزیکەی 20 خاڵی ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە لە نێوانیاندا هەیە. بەهۆی زۆریی ئەم ناکۆکییانەشەوە، دوورە لەو وادەیەی بەغدا دیارییکردووە، سیستمەکە لە هەرێمی کوردستان واژۆ و جێبەجێ بکرێت.
ناکۆکیی قووڵی هەولێر و بەغدا لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا
هەرچەندە هەولێر و بەغدا لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا باس لە پێشکەوتن لە گفتوگۆکاندا دەکەن، بەڵام کەناڵ8 زانیویەتی ناکۆکیی قووڵ لەنێوانیاندا هەیە و پێناچێت لەو ماوەیەی بۆ جێبەجێکردنی سیستمەکە دیاریکراوە ڕێککەوتنەکە واژۆ بکرێت.
کۆبوونەوەی ناوخۆیی شاندی هەرێم لەگەڵ وەزیری دارایی
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، بڕیارە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا، لەگەڵ وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە.
کەمکردنەوەی خاڵە ناكۆکەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ
شاندەکە و وەزیری دارایی لەبارەی خاڵە جێناکۆکەکانی لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەکەن، کە لەگەڵ عێراق لەسەری ڕێکنەکەوتوون و هەوڵی کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان دەدەن.
ناکۆکی لەسەر 20 خاڵی ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە
بەگوێرەی ئەو ڕەشنووسە ڕێککەوتنەی لەنێوان هەولێر و بەغدا ئامادەکراوە، ناکۆکییەکان لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا لەسەر نزیکەی 20 خاڵە.
تەوەر و بابەتە جێگەی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو لا
کەناڵ8 لەبارەی ناوەرۆکی خاڵە جێناکۆکەکانی نێوان هەولێر و بەغدا زانیویەتی، ناکۆکییەکان لەسەر دەروازە فەرمییەکان، ژمارەی باج، دووجار باجدان، لێخۆشبوونی باج، هاوردەکردنی کەلوپەلی ئەلیکترۆنی، کە بەغدا داوادەکات ڕەزامەندیی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بۆ وەربگیرێت، هەروەها دانپێدانان بە ناوچەی بازرگانیی ئازاد و ترانزێتی کاتی، و چەندین بابەتی دیکە جێگەی ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدایە.
وادەی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، تاوەکو ئێستا بڕیار لەسەر وادەی ڕۆیشتنی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا نەدراوە، لەو کۆبوونەوەیەی ڕۆژی یەکشەممەدا و ئەگەر بەرەوپێشچوون ڕووبدات، ئەوکات بڕیار لەسەر چوون یان نەچوونی شاندەکە بۆ بەغدا دەدرێت.
مۆڵەتی بەغدا بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا
کەناڵ8 لەبارەی وادەی کۆتایی حکومەتی عێراق بۆ جێبەجێکردنی سیستمەکە ڕایگەیاند، کەناڵ8 ئەو زانیارییەی بەدەست گەیشتووە، کە حکومەتی عێراق تاوەکو مانگی 8ی بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە هەرێمی کوردستان دیاریکردووە، بەڵام بەهۆی زۆریی ناکۆکییەکانەوە، پێناچێت لەو وادەیەدا بتوانرێت سیستمەکە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا