سبەینێ ڕێوڕەسمی عاشوورا بەڕێودەچێت؛ ملیۆنان زیارەتکار بۆ یادی عاشورا ڕوویان لە عێراق کردووە

رێبوار حەمەوەیس 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ملیۆنان زیارەتکار بۆ یادی عاشورا ڕوویان لە عێراق کردووە و سێ ملیۆنیان ئێرانین
ملیۆنان زیارەتکار بۆ یادی عاشورا ڕوویان لە عێراق کردووە و سێ ملیۆنیان ئێرانین

سبەینێ لە شاری کەربەلا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، مەراسیمی عاشورا بە بەشداریی ملیۆنان زیارەتکار بەڕێوەدەچێت. بۆ پاراستنی سەر و ماڵی پەیڕەوانی مەزهەبی شیعەش، پلانێکی توندی ئەمنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و دەیان هەزار خۆبەخشەوە جێبەجێ دەکرێت، هاوکات تەنیا لە ئێرانەوە زیاتر لە سێ ملیۆن کەس بۆ ئەو بۆنەیە هاتوونەتە عێراق.

بەڕێوەچوونی مەراسیمی عاشورا

سبەینێ 10ـی موحەڕەم، بە بەشداریی ملیۆنان کەس، مەراسیمی عاشورا لە کەربەلا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەڕێوەدەچێت.

پلانە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی زیارەتکاران

ڕێوڕەسمەکە لەلایەن هێزێکی ئەمنیی گەورەوە دەپارێزرێت، لەگەڵ دەیان هەزار خۆبەخش کە ئەرکیان خزمەتکردنی زیارەتکارانی شیعەیە.

ئاماری زیارەتکارانی ئێرانی

میدیای فەرمیی ئێران لەبارەی ئاماری زیارەتکارانی وڵاتەکەیەوە ڕایگەیاند، زیاتر لە 3 ملیۆن هاوڵاتیی ئێران، بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی عاشوورا، گەیشتوونەتە عێراق.

ڕێژەی هاتنی ڕۆژانەی گەشتیاران

میدیای ئێران لەبارەی ڕێژەی هاتنی ڕۆژانەی زیارەتکارانەوە ڕایگەیاند، تەنیا لە یەک ڕۆژدا، 400 هەزار زیارەتکار بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی عاشوورا گەیشتوونەتە عێراق و بەرەو کەربەلا بەڕێککەوتوون.

گرنگیی ڕۆژی عاشورا لای شیعە

عاشوورا یەکێکە لە گرنگترین بۆنە ئاینییەکانی شیعە، ملیۆنان کەس لەو ڕۆژەدا یادی کوژرانی ئیمام حسێنی کوڕی عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب دەکەنەوە.

مێژووی شەهیدبوونی ئیمام حسێن

ئیمام حسێنی کوڕی عەلی ئەبوتاڵیب، ساڵی 61ـی کۆچی لە شەڕی تەف لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانەکەی لە سنووری کەربەلا کوژرا.

ڕۆژی عاشورا لای موسڵمانانی سوننە

موسڵمانی سوننە مەزهەبیش لەو ڕۆژەدا، بە ڕۆژوو دەبن، کە ڕۆژی ڕزگاربوونی پێغەمبەر موسایە لە دەست فیرعەون.

رێوڕەسمەکە چۆن بەڕێوەدەچێت؟

ماتەمگێڕین و شینگێڕان:

پۆشینی جلی ڕەش و خوێندنەوەی هۆنراوە و مەقتەل لەسەر نەهامەتییەکانی کەربەلا.

کەژاوەی زنجیر و قەمە:

لێدانی زنجیر لە پشت یان قەمە لە سەر (تەتبیر) وەک هێمایەک بۆ هاوسۆزی لەگەڵ ئازارەکانی ئیمامی حوسێن.

دابەشکردنی نەزر و خێر:

لێنانی خواردنی بەکۆمەڵ (وەک قیمە و هریسە) و دابەشکردنی ئاو و شەربەت بەسەر ڕێبواراندا.

نوێنەرایەتیکردنی شۆڕش (تەعزیە):

نمایشکردنی شانۆیی سەرشەقام کە چیرۆکی جەنگەکە و شەهیدکردنی ئیمامی حوسێن نیشان دەدات

رێبوار حەمەوەیس

2 کاتژمێر پێش ئێستا