زەیدى داوا دەکات پێداویستییەکانى بەگەڕخستنى فڕۆکەخانەى موسڵ تەواو بکرێن

رێبوار حەمەوەیس 1 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانیی عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا
کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانیی عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە حکومەتی خۆجێیی نەینەوا دەکات پەلە بکەن لە تەواوکردنی پێداویستییەکانی فڕۆکەخانەی موسڵ بۆ ئەوەی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بخرێتە گەڕ، بڕیاریشە ئەرکی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکە بدرێتە دەست کۆمپانیا تورکییەکان.

ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران بۆ فڕۆکەخانەکە

سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە حکومەتی خۆجێیی نەینەوا کردووە پەلە بکات لە تەواوکردنی پێداویستییەکانی فڕۆکەخانەی موسڵ و خستنەگەڕی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، بڕیاریشە کۆمپانیا تورکییەکان ئەرکی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکەیان پێبدرێت.

کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی تورکیا

عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ "ئەنیل بوا ئاینان" باڵیۆزی تورکیا لە بەغداد و "سەرهاد فازلی" کونسوڵی تورکیا لە نەینەوا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەرۆکوەزیران ڕایسپاردوون پێداویستییەکانی بەگەڕخستنی فڕۆکەخانەی موسڵ تەواو بکەن.

ڕۆڵی کۆمپانیا تورکییەکان لە پڕۆژەکانی نەینەوادا

عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا زیاتر ڕوونیکردەوە و ئەوەشی گوت، "زۆر پڕۆژە هەن کە لە ڕێگەی کۆمپانیا تورکییەکانەوە جێبەجێ دەکرێن، کار بۆ ئەوەش دەکەین کۆمپانیا تورکییەکان لە بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەی موسڵدا هەبن، بە ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران ئێستا کار بۆ ئەوە دەکەین ئەم دۆسیەیە کۆتایی پێبهێنین و پێداویستییەکانی تایبەت بە بەگەڕخستنی فڕۆکەخانەی موسڵ تەواو بکەین".

قوتابخانەی مەعاریفی تورکی و دەروازەی ڕەبیعە

پارێزگاری نەینەوا گوتیشی، "لەگەڵ باڵیۆز گفتوگۆمان کرد لەبارەی شاری پیشەسازی و کردنەوەی قوتابخانەی مەعارف لە شاری موسڵ لە ماوەی ئەمساڵدا، لەگەڵ چەند کاروبارێکی دیکەی پەیوەست بە دەروازەی ڕەبیعە و ڕێگەی گەشەپێدان، بەجددی لە هەوڵداین پەیوەندییەکی باش لە نێوان پارێزگای نەینەوا و لایەنی تورکی هەبێت، دواهەمینیان، دوانەیی نێوان شاری موسڵ و شاری تۆکاتی تورکیایە، لەبەرئەوە کار بۆ پلانێکی گەشەپێدان دەکەین لەپێناو دۆزینەوەی هەلیکار و چالاککردنی دۆخی ئابووری و بازرگانی پارێزگای نەینەوا".

مێژووی دروستکردن و وێرانبوونی فڕۆکەخانەکە

فڕۆکەخانەی موسڵ لە ساڵی 1920 لەلایەن بەریتانییەکانەوە دروستکراوە. لە ساڵی 2014 لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بە تەواوی وێرانکرا.

نۆژەنکردنەوە و کێشە تەکنیکییەکان

لە تەممووزی ساڵی ڕابردوو، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق فڕۆکەخانەکەی دوای نۆژەنکردنەوە بە گوژمەی زیاتر لە 268 ملیار دینار کردەوە، بەڵام بەهۆی کەموکوڕییە تەکنیکییەکانەوە لەوکاتەوە تەنیا 80 فڕۆکە گەشتییان تێدا کردووە.

رێبوار حەمەوەیس

1 کاتژمێر پێش ئێستا