ئەمریکا و کەنداو: جەخت لە گرنگیی کردنەوەی گەرووی هوورمز دەکەینەوە و لە دژی سەپاندنی ڕسووماتین

بەهزاد ئەحمەد 1 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەی هاوبەشی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین. فۆتۆ: AFP
کۆبوونەوەی هاوبەشی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین. فۆتۆ: AFP

ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا پێشوازی لە یاداشتی لێکگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران دەکەن و جەخت لەسەر ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هوورمز، پاراستنی سەروەریی لوبنان و پشتیوانیکردنی بەغداد بۆ سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەکەنەوە.

پێشوازیکردن لە یاداشتی لێکگەیشتن

لە میانی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداو، ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، تێیدا پێشوازی لە واژۆکردنی یاداشتی لێکگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران دەکەن و دان بە گرنگیی هەوڵەکانی نێوەندگیریدا دەنێن، کە لەلایەن پاکستان و قەتەرەوە بەڕێوەبرا.

ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هوورمز

وڵاتانی کەنداو و ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەدا جەخت لە گرنگیی کردنەوەی گەرووی هوورمز و دەستەبەرکردنی ئازادیی بێسنووری کەشتیوانی لەو گەرووە دەکەنەوە و بە پێویستییەکی هەنووکەیی ناودەبەن بۆ ئاسایشی هەرێمی و جیهانی، دژایەتیی خۆشیان بۆ سەپاندنی هەر جۆرە ڕسووماتێک، باج، یان بڕە پارەیەک بەسەر کەشتییەکاندا لە گەرووی هوورمز دووپات دەکەنەوە.

سەرکۆنەکردنی هێرشەکان و پشتیوانیکردنی بەغداد

ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو لەبارەی دۆخی ئەمنی و گرووپە چەکدارەکانەوە سەرکۆنەی ئەو هێرشانەیان کرد، کە لەلایەن گرووپە عێراقییەکانی نزیک لە ئێرانەوە دەکرێنە سەر وڵاتانی کەنداو و جەخت لەسەر پێویستیی پاراستنی دانوستانەکان دەکەنەوە، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ڕاگرتنی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە، پشتیوانیی بەغدادیشیان دووپاتکردەوە لە هەنگاوەکانی بۆ سنووردارکردنی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا.

هەڕەشەکانی ئێران لە ناوچەکەدا

لە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە: "ئاشتی لە ناوچەکە پێویستی بە چارەسەرکردنی هەڕەشەکانی ئێرانە، لەوانە هەڕەشە مووشەکی و درۆنییەکان و پشتیوانی لە بریکارەکانی".

مەرجی بازرگانیکردن لەگەڵ تاران

ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو لەبارەی پێوەندییە داراییەکانەوە ئەوەشیان خستووەتەڕوو، کە هەر وەبەرهێنانێک یان بازرگانییەک لەگەڵ ئێران بەندە بە پابەندییەکان بە یاداشتی لێکگەیشتن و ڕێککەوتنی کۆتاییەوە.

دۆخی لوبنان و دانوستانەکانی لەگەڵ ئیسرائیل

ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو دەربارەی لوبنانیش، پابەندبوونی خۆیان بە سەروەری و ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە دووپات دەکەنەوە و پێشوازی لە دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەکەن کە لەلایەن ئەمریکاوە بەڕێوەدەبرێت، جەخت لەسەر گرنگیی پاراستنی ڕەوتی ئەو دانوستانانە و دابڕاندنی لە هەر جۆرە ململانێیەکی دەرەکیش دەکەنەوە، هاوکات داوا دەکەن سەرجەم گرووپەکانی لوبنان لە چەک دابماڵرێن و دەسەڵات بۆ دەوڵەتی لوبنان بگەڕێتەوە.

بەهزاد ئەحمەد

1 کاتژمێر پێش ئێستا