نەتانیاهوو: تاوەکو پێویست بکات لە باشوورى لوبنان دەمێنینەوە
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەخت لەسەر مانەوەی هێزەکانیان لە ناوچەی ئەمنیی باشووری لوبنان دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە ئازادیی تەواوەتییان داوەتە سوپا بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر هەڕەشەیەک، هاوکات بەهۆی ئەم پێداگرییەی ئیسرائیلەوە دانوستانەکانی نێوان واشنتن و لوبنان گەیشتوونەتە ڕێگەیەکی داخراو.
مانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە لوبنان
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە، هێزەکانیان لە ناوچەی ئەمنیی باشووری لوبنان دەمێننەوە، تاوەکو ئەو کاتەی پێویست بێت.
ئازادیی تەواوەتی بۆ سوپای ئیسرائیل
نەتانیاهوو لە ئاهەنگی دەرچوونی ژمارەیەک ئەفسەردا لەبارەی پێدانی دەسەڵات بە سوپا ڕایگەیاند، ڕێنمایی ڕوونیان داوەتە سوپا بەوەی ئازادیی تەواوەتییان هەیە بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر سوپا و دانیشتووانی باکووری ئیسرائیل.
ڕێگریکردن لە چەکی ئەتۆمیی ئێران
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە گوتی، بەڕێککەوتن بێت یاخود بەبێ ڕێککەوتن، تاوەکو ئەو کاتەی سەرۆکوەزیران بێت، ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و لە هیچ بارودۆخێکدا ڕێگە نادەن ئێران پەرە بە بۆمبی ئەتۆمی بدات.
کۆنترۆڵکردنی ناوچە ئەمنییەکان
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل زیاتر ڕوونیکردەوە و گوتی، "ئێمە کۆنترۆڵی باشووری لوبنانمان لە قەڵای شەقیفەوە کردووە، لە ناوچەی ئەمنی لە باشووری لوبنان دەمێننەوە، تاوەکو پێویست بکات، لێی ناکشێینەوە، لەبەرئەوەی گواستمانەوە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵ بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵات، پارێزگاری لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵات دەکەین تاوەکو ئەو کاتەی پێویست بێت، لێرەوە بەرگری لە دانیشتووانی باکوور و سەرجەم هاوڵاتییانی ئیسرائیل دەکەین، لەگەڵ وەزیری بەرگری ڕێنمایی ڕوونمان داوەتە سوپای بەرگریی ئیسرائیل، تەواوی ئازادیتان هەیە بۆ کارکردن و پووچەڵکردنەوەی هەر هەڕەشەیەک لەسەر سەربازانمان و دانیشتووانی باکوور".
هێرشە مووشەکییەکانی حیزبوڵا
نەتانیاهوو لەبارەی دەستپێکردنی ململانێکانەوە باسی ئەوەشیکرد، "چەند ڕۆژێک دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، حیزبوڵای لوبنان بۆ پاڵپشتیی ئێران هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردەوە، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا ئیسرائیل و حیزبوڵا بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر یەکدی".
مەرجی ئێران بۆ ئاگربەست
ئێران پابەندکردنی ئیسرائیلی بە ئاگربەست لە لوبنان کردووەتە خاڵێکی لێکگەیشتنەکەی لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام تاوەکو ئێستا ئاگربەست ڕانەگەیەنراوە و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان بەردەوامن.
گەیشتنی دانوستانەکان بە ڕێگەی داخراو
سەبارەت بە بەڕێوەچوونی گەڕی نوێی گفتوگۆکان، لەبارەی دانوستانەکانی لوبنان و ئیسرائیل کە ئەمڕۆ پێنجشەممە گەڕێکی نوێی لەناو بارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەڕێوەچوو، سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاشکرایانکردووە، بەهۆی پێداگریی ئیسرائیل لەسەر مانەوەی هێزەکانیان لە باشووری لوبنان، دانوستانەکان گەیشتوون بە ڕێگەیەکی داخراو.
داواکاریی شاندی لوبنان بۆ کشانەوەی ئیسرائیل
سەرچاوەیەکی ئەمریکی لەبارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەوە ئاشکرایکردووە، شاندی لوبنان داوای خشتەیەکی زەمەنی کردووە بۆ کشانەوەی ئیسرائیل، بەڵام شاندەی ئیسرائیل کشانەوەی هێزەکانی لە باشووری لوبنان ڕەتکردووەتەوە، تاوەکو هەڕەشەی حیزبوڵا بەردەوام بێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا