ژمارەی قوربانییانی بوومەلەرزەکەی ڤەنزوێلا لە بەرزبوونەوەدایە

بەهزاد ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێک لە خەڵکی لێقەوماوی ڤەنزوێلا لە نێو داروپەردووی بومەلەزرەکەدا. فۆتۆ: AFP
دیمەنێک لە خەڵکی لێقەوماوی ڤەنزوێلا لە نێو داروپەردووی بومەلەزرەکەدا. فۆتۆ: AFP

ژمارەی قوربانییانی بوومەلەرزەکەی باکووری ڤەنزوێلا لە بەرزبوونەوەدایە و تاوەکو ئێستا 188 تەرم دەرهێنراونەتەوە و زیاتر لە 1520 کەسیش بریندار بوون، هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ فریاگوزاری، حکومەتی ئەمریکا دابینکردنی 150 ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاریی مرۆیی و ئابووری بۆ ئەو وڵاتە ڕاگەیاند.

ئاماری قوربانییانی بوومەلەرزەکە

تاوەکو دێت، ژمارەی قوربانییانی بوومەلەرزەکان لە بەرزبوونەوەدایە، کە باکووری ڤەنزوێلای گرتووەتەوە، تاوەکو ئێستا 188 تەرم دەرهێنراونەتەوە، زیاتر لە 1520 کەسیش بریندار بوون و زیاد لە 200 کەسیش بە زیندوویی لەژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا گیریان خواردووە.

بانگەوازە نێودەوڵەتییەکان و هاوکاریی ئەمریکا

بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بانگەوازی بەپەلە و هەوڵی زۆر هەن بۆ هاوکاریکردنی وڵاتەکە و ڕزگارکردن و دەرهێنانەوەی بریندارەکان، حکومەتی ئەمریکاش دابینکردنی 150 ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاری بۆ ئەو وڵاتە ڕاگەیاند.

ئاستەنگییەکانی بەردەم تیمەکانی فریاگوزاری

تیمەکانی فریاگوزاریی وڵاتەکە ڕووبەڕووی سەختییەکی زۆر دەبنەوە بۆ دەرهێنانەوەی تەرم و بریندار و کەسە گیرخواردووەکان، کارەساتەکە وێرانکارییەکی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە و تیمەکانی فریاگوزاریی مەدەنی ڕووبەڕووی ئاستەنگیی تەکنیکی و لۆجیستیکی گەورە بوونەتەوە، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی بەرفراوانی لەنێو دانیشتوواندا بڵاوکردووەتەوە.

کۆکردنەوەی کۆمەکی دارایی بۆ ڤەنزوێلا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی دابینکردنی کۆمەکەوە ڕایگەیاند، 150 ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری بۆ ڤەنزوێلا کۆدەکەنەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە فریاگوزاران لە سەرانسەری جیهانەوە ئامادەیی خۆیان بۆ یارمەتیدانی ڤەنزوێلا ڕاگەیاند.

وردەکاریی پاکێجی هاوکارییەکەی ئەمریکا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی دابەشبوونی بڕی هاوکارییەکانەوە دەڵێت، بە پاکێجێکی 50 ملیۆن دۆلاری هاوکاریی ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانە دەکەن کە لە ڤەنزوێلا کار دەکەن، هەروەها 100 ملیۆن دۆلار لەڕێگەی سندووقێکی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ ئەو وڵاتە دابین دەکرێت.

بەهزاد ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا