لە سلێمانی گەورەترین فێستیڤاڵ (سولی فێست) لەسەر ئاستی عێراق دەستپێدەکات
ئەمڕۆ گەورەترین فێستیڤاڵی ئابووری و گەشتیاری لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق لە شاری سلێمانی دەستپێدەکات و بۆ ماوەی 8 ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
دەستپێکردنی گەورەترین فێستیڤاڵ لە سلێمانی
کاتژمێر 4:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، فێستیڤاڵی (سولی فێست) لە پارکی هەواری شار لە شاری سلێمانی دەستپێدەکات. ئەم فێستیڤاڵە بە گەورەترین چالاکیی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان دادەنرێت و بڕیارە ماوەی 8 ڕۆژ چالاکییەکانی بەردەوام بن.
ئامانجی فێستیڤاڵەکە و ژمارەی میوانەکان
ئامانجی سەرەکیی ئەم فێستیڤاڵە ڕاکێشانی زۆرترین گەشتیارە بۆ شاری سلێمانی. بەپێی پێشبینییەکان، زیاتر لە 500,000 میوان سەردانی فێستیڤاڵەکە دەکەن. هەروەها لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەناڵە میدیاییەکانەوە، چاوەڕوان دەکرێت چالاکییەکان زیاتر لە 500,000,000 بینەریان هەبێت.
دابەشکاریی زۆنەکان و کۆمپانیا بەشداربووەکان
فێستیڤاڵەکە بۆ 4 زۆنی سەرەکی دابەشکراوە، کە بریتین لە: زۆنی سەرەکی (170 کۆمپانیا)، زۆنی شانۆی ڕۆمانی بچووک، زۆنی منداڵان و زۆنی شەقامەکە. کۆی گشتی 270 کۆمپانیا و براند لە تەواوی زۆنەکاندا بەشدارن.
چالاکییەکان و بەشداریی خوێندکاران
زیاتر لە 10,000 خوێندکار و منداڵی قوتابخانە و باخچەکان لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادە دەبن و چالاکیی تایبەت بە خۆیان دەبێت. لە ماوەی ئەو 8 ڕۆژەدا، زیاتر لە 100 چالاکیی جۆراوجۆر لە بوارەکانی تەندروستی، وەرزشی، کولتووری، پەروەردەیی، ڕۆشنبیری و خێزانی پێشکەش دەکرێن، کە 6 ڕۆژیان بە تایبەت بۆ چین و توێژە جیاوازەکان تەرخانکراوە.
سولی فێست:
- شوێن: پارکی هەواری شار
- ماوە: 8 ڕۆژ
- ژمارەی کۆمپانیاکان: 270 کۆمپانیا
- میوانی چاوەڕوانکراو: 500,000 کەس
- بینەری میدیایی: 500,000,000 بینەر
- ژمارەی چالاکییەکان: زیاتر لە 100 چالاکی
10 کاتژمێر پێش ئێستا