وەزارەتی بەرگریی ڕووسيا: 660 درۆنی ئۆکرانيمان خستووەتە خوارەوە

رۆزا حیسام 1 کاتژمێر پێش ئێستا
هێرشێکی مووشەکیی ڕووسیا بۆ سەر ناوچەی زاپۆڕیژیای ئۆکرانیا. فۆتۆ: AFP
هێرشێکی مووشەکیی ڕووسیا بۆ سەر ناوچەی زاپۆڕیژیای ئۆکرانیا. فۆتۆ: AFP

وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا و سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ لە دوو ڕاگەیەندراوی جیادا ئاشکرایان کرد کە شەوی ڕابردوو هێرشی چڕی درۆنی و مووشەکی لە نێوان هەردوو وڵاتدا ئەنجام دراون، بە جۆرێک ڕووسیا 660 درۆنی ئۆکرانیای خستووەتەخوارەوە و ئۆکرانیاش ڕایگەیاندووە کە بە مووشەکی بالیستی هێرش کراوەتە سەر پایتەختەکەی.

هێرشە درۆنییەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر ڕووسیا

وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو 660 درۆنی ئۆکرانیایان خستووەتەخوارەوە کە ئاڕاستەی دەیان ناوچەی وڵاتەکە کراون، لەناویاندا مۆسکۆ و نیمچە دوورگەی کریمیا. ئۆکرانیاش دەڵێت، ڕووسیا بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردووەتە سەر کیێڤ.

دۆخی مۆسکۆی پایتەخت

سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلیگرام ڕایگەیاندووە، لانیکەم 47 درۆن بەرەو پایتەخت هەڵدراون و ڕێگرییان لێکراوە.

زیانی نەبووە

سێرگی سۆبیانین لەبارەی زیانەکانی هێرشەکەوە گوتی، هێرشەکە زیانی گیانی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە، ئەندامانی خزمەتگوزارییە خێراکان لەو شوێنانە کاردەکەن کە پاشماوەکانی لێکەوتووەتە خوارەوە.

زیانەکانی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر کیێڤ

ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی شاری کیێڤ_ی پایتەختی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ڕووسیا بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردووەتە سەر کیێڤ و بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە و دوو کەس برینداربوون.

باشووری مۆسکۆ کراوەتە ئانج

دیمیتری میلیاڤ، پارێزگاری تولای ڕووسیا لەبارەی هێرشەکانی سەر ناوچەکەیەوە ڕایگەیاند، هێرشێکی گەورەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ناوچەکەی گرتووەتەوە کە نزیکە لە باشووری مۆسکۆوە، بەهۆیەوە ژنێک برینداربووە و زیانێکی زۆریش بەر خانوویەک کەوتووە.

ستراتیژیی نوێی ئۆکرانیا لە جەنگدا

لە چەند مانگی ڕابردوودا ئۆکرانیا هەڵمەتی هێرشی دوورمەودای لە دژی ڕووسیا چڕتر کردووەتەوە، بەتایبەتی ژێرخانی وزەی کردووەتە ئامانج، ئەوەش بێبەشکردنی کرێملنی لە سەرچاوەی داهات بۆ دابینکردنی بودجە بۆ ئەو جەنگەی لە ساڵی 2022ـەوە دەستیپێکردووە، گرتووەتەوە.

کردنە ئامانجی پاڵاوگەیەک لە مۆسکۆ

هەفتەی ڕابردوو لە هێرشێکی ئۆکرانیادا ئاگر لە پاڵاوگەیەک لە باشووری ڕۆژهەڵاتی مۆسکۆ کەوتەوە، ئەو جۆرە هێرشانەی کیێڤ قەیرانی سووتەمەنی و بەتایبەت بەنزینی لە ڕووسیا دروستکردووە.

رۆزا حیسام

1 کاتژمێر پێش ئێستا