وەزيری ژينگەی سويد منداڵە سێ مانگەکەی دەباتە ناو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئەورووپا

رۆزا حیسام 3 کاتژمێر پێش ئێستا
ڕۆمینا پورموختاری، وەزیری ژینگەی سوید لەگەڵ منداڵ 3 مانگییەکەیدا بەشداریی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپای کرد لە لۆکسمبۆرگ
ڕۆمینا پورموختاری، وەزیری ژینگەی سوید لەگەڵ منداڵ 3 مانگییەکەیدا بەشداریی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپای کرد لە لۆکسمبۆرگ

ڕۆمینا پورموختاری، وەزیری ژینگەی سوید، بە هێنانی منداڵە سێ مانگەکەی بۆ ناو کۆبوونەوەی وەزیرانی یەکێتیی ئەورووپا، سەرنجی ئامادەبووانی بۆ گرنگیی مۆڵەتی دایکایەتی و باوکایەتی ڕاکێشا و جەختی لە پێویستیی ڕەخساندنی ژینگەیەک کردەوە کە تێیدا ژنان ناچار نەبن لەنێوان کار و خێزاندا یەکێکیان هەڵبژێرن.

کۆبوونەوەی وەزیرانی یەکێتیی ئەورووپا

ڕۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوەی وەزیرانی حکوومەتەکانی یەکێتیی ئەورووپا بەڕێوەچوو، کۆبوونەوەکە درێژەی کێشا و گفتوگۆکان لەبارەی سیاسەتی ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەواوە بوو، بەڵام میوانێکی نوێ لەسەر مێزی گفتوگۆکان دەرکەوت، کە منداڵێکی تەمەن 3 مانگ بوو.

ئامادەبوونی کۆرپەیەکی 3 مانگ لە لۆکسمبۆرگ

ڕۆمینا پورموختاری، وەزیری ژینگەی سوید، کوڕەکەی کە ناوی ئادەمە، هێنابوو بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا لە لۆکسمبۆرگ، ئەوەش بۆ ئەوەی پەیامێک بگەیەنێت و تیشک بخاتە سەر پێویستیی مۆڵەتی دایکایەتی یاخود باوک لە کاتی لەدایکبوونی منداڵدا، چونکە بەو جۆرە ژنان ناچار نابن لەنێوان بەرپرسیارێتیی کار و خێزاندا هەڵبژاردن بکەن.

پەیامی وەزیر بۆ خێزانە مۆدێرنەکان

ڕۆمینا پورموختاری، وەزیری ژینگەی سوید لەبارەی هۆکاری هێنانی منداڵەکەی و پیشاندانی نموونەیەک لەو کەسانەی کە پێویست ناکات لەنێوان کار و خێزاندا هەڵبژاردن بکەن گوتی، "ویستم ئەوە پیشان بدەم کە نموونەیەکم لەو کەسانەی کە پێویست ناکات ئەو هەڵبژاردنە بکەم، بەڵام بێگومان ئەوە پێویستی بە هەبوونی هاوبەشێکە کە وەک خۆی دەڵێت، دایناسۆر نەبێت و کەسێک بێت کە تەواو مۆدێرن بێت و لەگەڵتدا بێت".

ڕووداوێکی بێپێشینە لە مێژووی ئەنجوومەنەکەدا

بەرپرسێکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی یەکەمین بەشداریی منداڵێکی ساوا لە مێژووی ئەنجوومەنەکەدا گوتی، ئەوە یەکەمجارە لە مێژووی ئەنجوومەنەکەدا، منداڵێکی ساوا بەشداریی کۆبوونەوەی وەزیرانی یەکێتیی ئەورووپا بکات.

ژیانی پیشەیی و مۆڵەتی دایکایەتیی پورموختاری

پوورموختاری تەمەن 30 ساڵ، گەنجترین وەزیری حکوومەت بوو لە مێژووی سویددا کاتێک لە ساڵی 2022 دەستبەکاربوو، تازە لە مۆڵەتی دایکایەتی گەڕاوەتەوە، هاوسەرەکەشی تاوەکو هەڵبژاردنی سوید لە مانگی ئەیلوولدا مۆڵەتی وەرگرتووە و لەگەڵ پوورموختاری چووە بۆ لۆکسمبۆرگ بۆ چاودێریکردنی ئادەم.

سوید وەک وڵاتێکی بەخشندە لە مۆڵەتی منداڵبووندا

سوید یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بە بەخشندەترین وڵات دادەنرێت لەڕووی مۆڵەتی دایکایەتی و باوکایەتی لە جیهاندا، سیستەمەکە لەڕێگەی باجی زۆری ئەو وڵاتەوە پارەدار دەکرێت، کە لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا زۆرێک لە سیاسییەکان باس لە کەمکردنەوەی ئەو باجە زۆرە دەکەن.

وردەکارییەکانی مۆڵەتی 16 مانگی لە سوید

سیستەمی مۆڵەتی منداڵبوون لەناو خێزانەکانی سویددا بەجۆرێکە، بۆ لەدایکبوونی هەر منداڵێک دایک و باوکەکە دەتوانن 16 مانگ واتە (ساڵێک و چوار مانگ) مۆڵەت وەربگرن بە مووچەوە، سەرەتا دەبێت بە زۆرەملێ دایک و باوکەکە هەریەکەیان 3 مانگ مۆڵەت وەربگرن، ئەو 10 مانگەی دیکە کە دەمێنێتەوە، دەتوانن لەنێوان خۆیاندا دابەشی بکەن.

هاندانی باوکان بۆ بەسەربردنی کات لەگەڵ منداڵەکانیان

هەر بەگوێرەی سیستەمەکە، باوکەکە ناتوانێت ئەو سێ مانگە مۆڵەت وەرنەگرێت و بیدات بە دایکەکە، ئەوەش بۆ ئەوەیە هانی باوکان بدەن، کاتی زیاتر لەگەڵ منداڵەکانیان بەسەر ببەن.

ئامانجی سیاسیی وەزیری ژینگەی سوید

ئەو هەنگاوەی وەزیری ژینگەی سویدیش بۆ ئەوەیە ئەو پەیامە بگەیەنێت کە پێدانی ئەو مۆڵەتە تەنیا بابەتی خەرجکردنی پارە نییە، بەڵکو پرسی چاودێریکردنی منداڵانیشە، داوا لە حکوومەتی وڵاتان دەکات یاساکانیان نەرمتربێت لەسەر ئەو بابەتە.

بایەخی دەروونی و ئابووریی مۆڵەتی منداڵبوون

وەزیرەکەی سوید لەبارەی بارگرانیی سەر زۆرێک لە دایک و باوکان بۆ بەخێوکردنی منداڵەکانیان گوتی، "ئەو مۆڵەتپێدانە بەهایەکی هەیە کە نابێت بە کەم سەیر بکرێت، بەهایەک کە ڕەنگە هەمیشە ئابووری نەبێت، ڕەنگە ئابووریش بێت، چونکە کارکەری ماندوو و ڕاڕا ناهێڵێت".

پێشوازیی پۆڵەندا لە ئامادەبوونی منداڵ لە کۆبوونەوەکەدا

کریستۆف بۆلێستا، جێگری وەزیری ژینگەی پۆڵەندا سەبارەت بە کاردانەوەکانی ناو ئەنجوومەنی ئەورووپا بۆ بردنی ئەو منداڵە سێ مانگە بۆ ناو کۆبوونەوەکان ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەیەکی سیاسیدا هیچ کێشەیەکیان نەبووە کە منداڵێکی ساوا بەشدار بووە، چونکە منداڵ بەشێکە لە ژیان.

رۆزا حیسام

3 کاتژمێر پێش ئێستا