ڕێوڕەسمەکانى عاشوورا لە زۆربەی پارێزگاکانی ئێران بەڕێوەدەچێت؛ پزیشکیان لە ورمێ بەشداریی یادی عاشوورای کرد

سامیا حەسەن 2 کاتژمێر پێش ئێستا
پزیشکیان لە کاتی بەشداریی لە یادی عاشوورا لە شاری ورمێ. فۆتۆ: ئیرنا
پزیشکیان لە کاتی بەشداریی لە یادی عاشوورا لە شاری ورمێ. فۆتۆ: ئیرنا

پەیڕەوانی مەزهەبی شیعە لە ئێران و وڵاتانی ناوچەکە بە بەرگێکی ڕەشەوە و لە ناو حوسێنییەکاندا یادی عاشوورایان بەرز ڕاگرت، هاوکات سەرۆککۆماری ئێران لە شاری ورمێوە بەشداریی لە ڕێوڕەسمەکاندا کرد؛ لەمساڵیشدا بەشداربووان بە گوتنی دروشمی سیاسی و ئایینی، جۆش و خرۆشێکی زیاتریان بە شینگێڕان بەخشیبوو.

دەستپێکردنی ڕێوڕەسمی ماتەمینی لە ئێران

پەیڕەوانی مەزهەبی شیعە خۆیان ڕەشپۆش کردووە و پۆل پۆل سەردانی حوسێنییەکان دەکەن بۆ بەشداریی لە ڕێوڕەسمی عاشوورا، سەرۆککۆماری وڵاتەکەش لە ورمێوە یادەکەی بەرز ڕاگرت.

نەریتی ساڵانەی 10ـی موحەڕەم

ساڵانە لە 10ـی موحەڕەمدا ئەم دیمەنانە لە ئێران و ئەو وڵاتانەی شیعەمەزهەبی تێدایە دووبارە دەبێتەوە، تێیدا شین بۆ شەهیدبوونی ئیمامی حوسێن و هاوەڵانی دەگێڕن. ئەوان بە سروودی ئایینی و ڕێوڕەسمی جۆراوجۆر بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە ئەنجامدەدەن و لەو ڕۆژەدا پەیمانی دڵسۆزی بۆ ئیمامەکەیان دووپات دەکەنەوە.

دۆخی سیاسی و کاریگەریی لەسەر عاشوورای ئەمساڵ

بەشێک لە شیعەکانی ئێران پێیانوایە، بەهۆی ئەو دۆخەی ڕووی لە وڵاتەکەیان کردووە، لە عاشوورای ئەمساڵدا یەکڕیزترن و هەمووان پێکەوە شین دەگێڕن.

جەنگ و جۆش و خرۆشی عاشوورا

لەیلا حەسەنیپوور، هاووڵاتیی ئێرانی لەبارەی جۆش و خرۆشی ڕێوڕەسمەکەوە دەڵێت، "ئەو هەموو جۆش و خرۆشەی کە لە ئەمساڵدا دەبینرێت، پێموایە بەهۆی ئەو جەنگەوەیە کە لەلایەن ترەمپەوە بەسەر ئێمەدا سەپێنرا، ئەوە جۆش و خرۆشی بە شینگێڕان داوە و سوپاس بۆ خوا خەڵکێکی زۆرتر لە ساڵانی پێشوو ئامادەی ڕێوڕەسمەکەن".

مێهدی وەزیری، هاووڵاتییەکی دیکەی ئێرانی لەبارەی جیاوازیی یادی ئەمساڵەوە گوتی، "بە بۆچوونی من ئەمساڵ بە خاتری خوێنی شەهیدەکانمان ڕێوڕەسمەکان زیاتر ڕەنگاڵەیی و ڕۆحیانەتر بوون، بۆیە دەبێت تاوەکو دواسات بەمجۆرە بە بەهێزی بەرامبەر دوژمن بوەستین".

دروشمە سیاسییەکان و دیمەنەکانی شینگێڕان

شینگێڕان لێرەش دروشمەکانی دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل دەڵێنەوە، وەکو نەریتێکی ئایینی پەیڕەوانی مەزهەبی شیعە لە خۆیان دەدەن و چالاکیی هونەریی گوزارشتکراو لە ساڵانی ژیانی ئیمام حوسێن و شەهیدبوونی دەکەن.

عەباس میرهادی، هاووڵاتیی ئێرانی لەبارەی پەیامی ئامادەبوونی خۆیەوە باسی لەوەکرد، "ئێمە لێرەین تەنیا لەبەر خاتری خۆشەویستیی ئیمام حوسێن، ئەو لە تینوێتیدا شەهید بوو، بەڵام هەرگیز خۆی ملکەچی زوڵم و ستەم نەکرد، خودا یاوەر بێت و بتوانین بەردەوامی بە ڕێگای بدەین، خوای گەورە هاوکارمان بێت لە لەناوبردنی ترەمپ و نەتانیاهوو".

مێژووی یادی عاشوورا لە کەربەلا

عاشوورا دەیەمین ڕۆژی مانگی موحەڕەمە، لەو ڕۆژەدا ئیمام حوسێن، کوڕی ئیمامی عەلی و کچەزای پێغەمبەری ئیسلام، دروودی خوای لەسەر بێت، لەگەڵ هاوەڵەکانی لە شاری کەربەلا شەهیدکران، هەموو ساڵێکیش لەو کاتەدا پەیڕەوانی مەزهەبی شیعە سەردانی کەربەلا دەکەن و بە ڕێوڕەسمی جۆراوجۆر یادی دەکەنەوە.

سامیا حەسەن

2 کاتژمێر پێش ئێستا