نوێنەری کوردانی فەیلی لە کەرکووک: شوێنێکی تایبەت بەخۆمان نییە بۆ یادکردنەوەی عاشوورا

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
شێخ عیماد فەیلی، نوێنەری کوردانی فەیلی کەرکووک
شێخ عیماد فەیلی، نوێنەری کوردانی فەیلی کەرکووک

نوێنەری کوردانی فەیلی لە کەرکووک ڕایگەیاند کە هیچ حوسێنییە یان شوێنێکی تایبەتیان نییە بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی مانگی موحەڕەم و یادی عاشوورا، ئاشکراشی کرد کە سەرەڕای تەرخانکردنی هۆڵێک لە ڕابردوودا بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام لە ئێستادا ڕێگرییان لێ دەکرێت ڕێوڕەسمەکانی تێدا ئەنجام بدەن.

نەبوونی شوێنی تایبەت بە کوردانی فەیلی

شێخ عیماد فەیلی، نوێنەری کوردانی فەیلی کەرکووک بە کەناڵ8ـی ڕایگەیاند، حوسێنییەک یاخود شوێنێکی دیکەیان نییە تایبەت بێت بە کوردانی فەیلی بۆ یادکردنەوەی عاشوورا، هەروەها شێخ عیماد فەیلی لەبارەی دۆخی یادەکەوە گوتیشی، ئەمساڵ بەزۆر ئەم یادەیان کردووەتەوە.

ڕێگری لە بەکارهێنانی هۆڵی پێشوو

شێخ عیماد فەیلی، نوێنەری کوردانی فەیلی لە کەرکووک لەبارەی ڕێگرییەکانەوە گوتیشی، پێشتر ڕێبوار تەها، هۆڵێکی تایبەتی بۆ دیاریکردوون بۆ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی عاشوورا لەلایەن کوردانی فەیلییەوە، بەڵام ئێستا ڕێگرییان لێدەکرێت لە هەمان شوێن ڕێوڕەسمەکە بەڕێوەبەرن.

پێگە و دۆخ و ئایینی کوردانی فەیلی

کوردانی فەیلی تووشی چەساونەوەی دوو هێندەبوون لەلایەن ڕژێمەکانی پێشووی عێراقەوە، کە ئەویش بەهۆی ئایینەکەیان و کوردبوونیانەوە بووە. کوردانی فەیلی، کە تووشی ڕاگوێزان و جینۆسادبوون، زیاتر لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێران نیشتەجێن. لە عێراقدا بە شێوەیەکی سەرەکی لە بەغداد، خانەقین، مەندەلی، بەدرە و جەسان، جەلەولا و بەشێکیشیان لە کەرکووک و قەزای عەلی غەربی لە پارێزگای میسان دەژین.

کوردانی فەیلی بە زاراوەی کوردیی فەیلی دەدوێن و بە پێچەوانەی زۆربەی کوردانی دیکە کە سوننەمەزهەبن، کوردانی فەیلی سەر بە مەزهەبی شیعەی دوانزە ئیمامین و پابەندییەکی قووڵیان بە ڕێوڕەسمە ئایینییەکانی وەک عاشوورا هەیە و دەیانەوێت پێگە و شوێنی تایبەت بە خۆیان لەو یادەدا هەبێت.

عاشوورا و هۆکاری یادکردنەوەکەی

یادی عاشوورا دەکەوێتە 10ـی مانگی موحەڕەم (یەکەم مانگی ساڵی کۆچی)، کە تێیدا مسوڵمانانی شیعەمەزهەب لە سەرانسەری جیهاندا ماتەمینی دەگێڕن. هۆکاری سەرەکیی ئەم یادە بۆ ساڵی 61ـی کۆچی دەگەڕێتەوە، کە تێیدا ئیمام حوسێن کوڕی ئیمام عەلی (نەوەی پێغەمبەری ئیسلام د.خ) لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی و یارانی، لە شەڕی کەربەلادا لە دژی سوپای یەزیدی کوڕی معاویە شەهید کران. ئەم یادە لای شیعەکان هێمایەکە بۆ قوربانیدان و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم.

عاشوورا لە کەربەلا و عێراق

شاری کەربەلا لە عێراق چەقی سەرەکیی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی عاشوورایە، چونکە مەزارگەی ئیمام حوسێن و براکەی (حەزرەتی عەباس) لەو شارەدایە. ساڵانە لە ماوەی 10 ڕۆژی یەکەمی مانگی موحەڕەمدا، ملیۆنان زیارەتکار لە ناوخۆی عێراق و وڵاتانی جیاجیاوە (بەتایبەت ئێران، بەحرەین، لوبنان، و وڵاتانی کەنداو) ڕوو لە کەربەلا دەکەن. ژمارەی بەشداربووان لە ڕۆژی دەیەمدا (عاشوورا) گەورەترین لوتکە بەخۆوە دەبینێت و زۆرجار ژمارەی زیارەتکاران لە نێوان 3 بۆ 5 ملیۆن کەس تێدەپەڕێت، کە بە پێشکەشکردنی خواردن، شیوەن، و دابەشکردنی خێر خزمەت دەکرێن.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا